مەحمود عوسمان: وەزعی کورد ناڵەبارە و بووەتە بەشێک لە ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران

سیاسەتمدارێکی دیاری کورد ئەو هێرشانەی کە لەلایەن گروپە ئیسلامییەکانی سەر بە ئێران دەکرێتە سەر خاکی هەرێم مەترسیدار ناوزەد دەکات و دەڵێت" وەزعی کورد نالەبارە، چونکە ئێران ڕۆلی سەرەکی هەیە لە ناوچەکەدا و کوردیش بووە بە بەشێک لەو ململانێیەی لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا هەیە".

سیاسەتمەداری دیاری کورد، د مەحمود عوسمان لە لێدوانێکی لەگەڵ دەنگی ئامریکا سەبارەت بەو هێرشانەی کە گروپە ئیسلامییەکانی سەر بە ئێران بۆسەرخاکی هەرێم کردیان، رایگەیاند" هێرشەکان مەترسێکی گەورەن و ئەو هێرشانەی کە دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان زیانی زۆری گەیاندووە، هێرشەکان لە لایەن ئەو هێزانەوە دەکرێت کە سەر بە ئێرانن، بەشێک لە هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکایە لەهەمانکاتدا بەشێکیشیان دژ بە کوردە، بۆ نموونە لە ڕۆژانی ڕابردوو وا بڵاوکرایەوە کە پەلاماری ئیستخباراتی موسادیان داوە لە ناو هەولێر ئەمە ڕاست نییە و دەیانەوێت لە کورد بدەن، یاخود کورد ناچار بکەن لەگەڵیان بێت، بۆیە ئێستا وای لێهاتووە کەس نییە بەرگری لە کورد بکات و خۆشی بەرگری پێناکرێت".

مەحمود عوسمان لە درێژەی لێدوانەکەی وتیشی" وەزعی کورد نالەبارە، چونکە ئێران ڕۆلی سەرەکی هەیە لە ناوچەکە دا و کوردیش بووە بە بەشێک لەو ململانێیەی لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا هەیە، چونکە ئێران وا هەست دەکات کورد زیاد لە پێویست لەگەڵ ئەمریکایە و تورکیا ڕۆشتووە، کوردیش کەمتر بەلای ئێراندا شکاندوویەتیەوە، ئەوان دەیانەوێت زەختێک بکەن بۆیە مەترسی هەیە، لەو لاشەوە تورکیا لە کورد دەدات."

" لەم دۆخە خراپە دا کورد دەبێت یەکگرتوو بێت، دواتر لە یەکی بداتەوە بەرژەوەندی بەلای ئێراندایە یان ئەمەریکا و سودی چییە و کێشەکانی چۆن چارەسەر دەبن، ئەوکات بڕیاری خۆیی بدات تا زیانی کەمتری هەبێت، بەڵام بەداخەوە نە لایەنەکان کۆدەبنەوە، نە یەکگرتوون نەدەشتوانن دۆخەکە باشبکەن".(ئەو سیاسەمەتدارەی کورد رایگەیاند)

لە دەستپێکی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل هێزەکانی ئەمریکا بە بەردەوامی لە عێراق و سوریا دەکرێنە ئامانج، لە هەرێمی کوردستانیش هەولێر و هەریر بە بەردەوامی دەکرێنە ئامانج، بەڵام هێرشەکەی شەوی شەممەی ڕابردوو بۆسەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان پێشهاتێکی نوێیە و بەرپرسانی حکومەتی هەرێم بە زەنگێکی گەورەی مەترسیداری لەقەڵەم دەدەن، دوای روداوەکە وتەبێژی حکومەتی هەرێم( پێشەوا هەرامی) لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەم هێرشانە "شەڕفرۆشتنە و مافی خۆمانی دەزانین وەڵام بدەینەوە"، و هەروەها حکومەتی فیدراڵی بە بەرپرس دەزانێت.

لایخۆشییەوە شانەی ئەمنی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی وەزیرانی عێراق دەزگا ئەمنیەکانی ڕاسپارد لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوان لە هێرشە درۆنییەکەی سەر هێزەکانی پێشمەرگە بکەن لە سنووری هەولێر و وتی" هێرشەکە دەسترێژییە بۆ سەر سەروەریی خاکی عێراق".




PM:02:43:01/01/2024