لە هەولێر چەند کەرەستەیەکی جوانکاری دەستی بەسەرداگیرا

لە هەولێر دەست بەسەر  بڕێک ماددە و کەرستەی جوانکاری قاچاخدا گیرا، کە سەرجەمیان ستیکەری وەزارەتی تەندروستیان پێوەنەبوو.

ئەمڕۆ سێشەممە (٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤) محەممەد رەشید، بەرپرسی چاودێریی بازاڕ و بازگەکانی دەرمان لە هەولێر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" دوای وەرگرتنی زانیاری لە هەبوونی شوێنێك کە بڕێک لە کەرستە و دەرمانی جوانکاری قاچاخ دەفرۆشێت، ئێمە لەگەڵ تیمەکانمان بە هەماهەنگی لەگەڵ هۆبەی ئابووری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەستمان بەسەر ئەو شوێنەدا گرت".

محەمەد رەشید وتیشی" هەر بابەتێک مۆڵەتی تەندروستی نەبێت گومانی ساختەبوونی لێدەکرێت و شیاو نییە بۆ بەکارهێنان، هەر دەرمانێک ستیکەری وەزارەتی تەندروستی پێوە نەبێت دەستیبەسەردا دەگیرێت، ستیکەری سەر دەرمانەکان نیشانەی ئەوەیە ئەو دەرمانە لە رووی کاریگەرییەوە سەلامەتە بۆ بەکارهێنان".

بەرپرسی چاودێریی بازاڕ و بازگەکانی دەرمان لە هەولێرراشیگەیاند" هەرهاوڵاتییەک کاتێک سەردانی سەنتەرێکی جوانکاری دەکات پێویستە داوا لە دکتۆرەکە بکات کە چ جۆرە دەرمانێکی جوانکاری بۆ بەکاردەهێنێت، هەروەها پێویستە لەسەر دکتۆرەکە پێش بەرکارهێنانی دەرمانەکە بە هاووڵاتییەکەی نیشانبدات کە ستیکەری وەزارەتی تەندروستی لەسەر بێت''.

ئاماژەی بەوەشداوە کەسی سەردانیکەر لە رێگەی ستیکەری سەر دەرمانەکەوە دەتوانێت هەم نرخەکەی بزانێت و هەم لە کوالێتییەکەی دڵنیابێتەوە.




PM:11:17:02/01/2024