پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕەوشی کەشوهەوای بڵاوکردەوە و دەڵێت" لە کاتەکانی شەودا ئەگەری لێزمە بارانی کورت خایەن هەیە".
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، لە سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکان بارانی مامناوەند دەبارێت و لە کاتەکانی شەودا ئەگەری لێزمە بارانی کورتخایەن هەیە، لە ناوچەکانی دیکە بەشێوەی پچڕ پچڕ نمە باران دەبارێت و هەندێک کات دەگۆڕێت بۆ بارانی مامناوەند، هەروەها لە کاتی بارانبارین لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و ناوچە سنورییەکان بەفربارین دەبێت و پێشبینی دروستبوونی تەمێکی کەم دەکرێت لە کاتەکانی شەودا لە هەندێک ناوچە، هاوکات خێرای با (١٠ – ٢٠)کم دەبێت بە ئاڕاستەی باکووری خۆرئاوا و مەودای بینین (٧ – ٩)کم دەبێت، هەروەها پلەکانی گەرماش بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ بەرزتردەبنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، سبەینێ ئاسمان نیمچە هەور و هەوری تەواو دەبێت، بەڵام لە کاتەکانی بەیانی زوودا لە ناوچە شاخاوییەکان بە تایبەت ناوچە شاخاوییەکانی ڕۆژهەڵات و باکوری ڕۆژهەڵات باران دەبارێت، هەروەها پێشبینی دروستبوونی تەم لە زۆربەی ناوچەکان دەکرێت، هاوکات خێرای با (١٠ – ٢٠)کم دەبێت و مەودای بینین (٨ – ١٠) کم دەبێت، پلەکانی گەرماش بەجێگیری دەمێننەوە.