"یەكێتی‌و گۆڕان نەفسێكی دژ كارانەیان هەبوو، بەڵام كە زانیان ناتوانن ببن بە بریتی پارتی بەخۆیاندا چوونەوە"


جەعفەر ئیمنیكی ئەندامی‌ مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان، باسی په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان حزبه‌كه‌ی‌ و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ده‌كات و باشبونی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ئه‌و دوو لایه‌نه‌ بۆ چه‌ند هۆكارێك ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌.

جه‌عفه‌ر ئیمینکی دەربارەی په‌یوەندییەکانی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و پارتیی دیموکراتی کوردستان، به‌ ماڵپه‌ڕی‌ فه‌رمی‌ حزبه‌كه‌ی‌ راگه‌یاند "په‌یوەندییەکانمان لەسەر بنەمای تێگەییشتنی هاوبەشی  مەسعوود بارزانی و نەوشیروان مستەفا بینا کراون، بێگومان متمانەی نێوان ئەو دوو کەسایەتییە هۆکاری سەرەکین لە ئاساییبوونەوەی په‌یوەندییەکان و پتەوتربوونیان، هاوکات تێگەیشتنێکی هاوبەش بۆ پرسە نێوخۆیی و هەرێمایەتییەکان و هەروەها دەربارەی ئەو گرفتانەیش کە له‌گەڵ بەغدا هەمانن".

وتیشی‌ "ئەمەش هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، گۆڕان مەرجەعی خۆی هەیە و خاوەنی بڕیارە، دیارە لە نێو پارتییش بارزانی‌ مەرجەعە و خاوەنی بڕیارە، ئەمەیش هۆکاری بنەڕەتین کە تۆ بتوانی پێوەندییەکان ئاسایی و بەرەو پێش ببەی".

ئیمینکی نەیشاردەوە کە لە نێو گۆڕان و پارتییش هەندێ جار گرفت دروست دەبن و لێدوان و بیروڕای "سەیر" بە دی دەکرێن کە خزمەت بە بەرەوپێشبردنی په‌یوەندییەکان ناکات، وتی‌ "بەڵام هەردوو سەرکردایەتی بە یەک ڕاسپاردە ئاسایی دەکەنەوە و چاکی دەکەنەوە، ناهێڵن ئەو جیاوازیانە کەڵەکە ببن".

ئیمینکی ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو "من داهاتوویەکی باش لەو په‌یوەندییانە دەبینم.. بە دڵنیاییشەوە ئەو په‌یوەندیانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نیشتیمانی دروست بوون، هەڵبەت ئەوە نییە کە خەڵکانێک دەیانەوێ لێکدانەوەی جیاوازتری بۆ بکەن، بەڵکو په‌یوەندییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نیشتیمانین و، دروستکردنی میحوەرێک بەرانبەر بە میحوەرێکی دی نییە. هەردوو لایش، پارتی و گۆڕان لای خۆیانەوە هەوڵ دەدەن په‌یوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتییش ئاسایی بکەنەوە".

رونیشیكرده‌وه‌ "ناڵێم حیزبی تر ڕۆڵیان نییە یان لاوازە، بەڵام سێکوچکەیەک هەیە، سێکوچکەی عەلمانی یاخوود مەدەنی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، کە پارتی، یەکێتی و گۆڕانن، بناخەن بۆ ئەوەی هەرێم لە قۆناخێکەوە بۆ قۆناخێکی تر ببەن، چونکە هێزی سەرەکین و لە ڕووی قەبارە و ڕابردوو و توانای جەماوەریشەوە، گرینگە تەبایییان لە نێواندا هەبێ، بەڵام گۆڕان تایبەتمەندیی خۆی هەیە لە یەکگرتوویی و بڕیار وەرگرتن لە لایەن مەرجەعەکەیەوە".

ئیمینکی پێیوایه‌، هەروەک چۆن یەکێتیی نیشتیمانی لە سەرەتای دامەزرانییەوە بە نەفەسێکی دژکارانە مامەڵەی لەگەل پارتیدا دەکرد، "کە دەیەویست ببێ بە بریتی پارتی کە نەیتوانی ببێ، دواتر پاشگەز بووەوە و بۆ ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانیان هاتەوە مەیدان، گۆڕانیش سەرەتا نەفەسێکی دژکارانەی هەبوو، بەڵام بە خۆیدا چووەوە و زانی کە ناتوانێ ببێ بە بریتی پارتی و هەتا یەکێتییش، گەیشتە ئەو باوەڕی کە واقیعبین بێ و بە په‌یوەندییەکانیدا چووەوە و ئەوەی لێ وەبەر هات کە دەیبینین، دیارە هەر کەس بەرنامەی خۆی هەیە و دەیەوێ بەدیلی ئەوەی دی بێ، بەڵام پارتی و هەموو حیزبەکانی دیکە ئەم بەرنامەیەیان هەیە".

دەربارەی بەشداریی کورد لە حکوومەتی نوێی عێراق، جەعفەر ئیمینکی ڕایگەیاند "ئەگەر لە بەغدا پرۆسەی سیاسیی بەڕێوە ببرێت، ئەو کۆسپانەی پێشتر لە بەردەمی بوون، نەمێنن، ئەوا کورد پەلە لە پرسی سەربەخۆیی ناکات، هەڵبەت مافی خۆیەتی، بەڵام پەلەی لێ ناکات".

وتیشی‌ "تۆ کە هیچ گەرەنتیێکت نییە حوکمێکی دیموکراتی لە بەغدا بەڕێوە ببرێت، ئەگەر بە ڕێگەی دیموکراسی نەبێ و ببێتە زۆرینەی عەرەبی و کەمینەی کوردی، ئەمە بە واتای دیکتاتۆریەتێکی دیکەیە، لەبەر ئەوە کورد ئەمەی قبووڵ نەکردووە و ئێستایش قبووڵی ناکات، قبووڵنەکردنیش بە واتای هاتنە پێشەوەی حاڵەتی لێکترازانە، ئەم لێکترازانەیش دوو، سێ، پێنج ساڵ دەخایەنێ، تۆ ناچار دەبی لە بەغدا جیا ببیتەوە.. چونکە کارێکت لەوێ نامێنێ، لە بەغدا گوێ لە دەنگت ناگیرێ و لە بڕیارداندا بەشدار نابی و شەریکێکی ڕاستینە نیت و لە پەرلەمانیش هەر شتێک بە زۆرینە تێدەپەڕێندرێ و بە زۆرینە خۆیان دەسەپێنن و بودجە نانێرن و مامەڵەیەکی میزاجیت لەگەڵدا دەکەن و ماددەی 140 جێبەجێ ناکەن و پێشێلی دەستوور دەکەن، بودجەی پێشمەرگە نادەن، کەواتە چیت دەمێنێ لەگەڵ بەغدا، حاڵەتی جیابوونەوە دەبێ بە ئەمری واقیع و ناچاری ئەنجامی بدەی".

زیاتر وتی "بەڵام ئەگەر بڕیار بێ، حوکمی عێراق دیموکراتیانە بەڕێوە ببرێت، ئەوا هەرێمی کوردستان خۆی بە بەشێک لێی دەزانێ و ئەو کاتیش لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمدا دەبێ، بە مەرجێک شەریکێکی ڕاستینەی حوکمڕانەتیی بین لە عێراقدا و مەبدەئی تەوافوق بەرجەستە ببێ، ئەوکات بۆ پەلە لە سەربەخۆیی دەکرێ، پەلەی لێ ناکرێ.. باوەڕ ناکەم کەس بڵێ با پەلەی لێ بکەین، بەڵام ئێمە لە بەشداریکردنمان لە حکوومەتی نوێی فیدڕاڵ، سێ مانگمان لە پێش هەن وەک دەرفەت بۆ (عەبادی)، ئەگەر لەو سێ مانگەدا گرێکوێرەکان نەکرانەوە و چارەی کێشەکان نەکرا و بەڵێنەکان نەبرانە سەر، کورد چیی بکات؟، لە وەڵامدا دەڵێم دەبێ کورد جیا ببێتەوە".




PM:03:15:06/10/2014