وتەبێژی حكومەتی هەرێم ئاماژە بەوەدەکات کە ئەو ٦١٨ ملیار دینارەی لە بەغداوە دێت بۆ مووچەی مانگی یەک تەرخاندەکرێت و دەڵیت" رێككەوتن بۆ هەمواری یاسای بودجە كراوە".
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی کوردستان پێشەوا هەورامی، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" پێشتر بە نووسراوێك داوا لە حكومەتی عێراق كراوە كە ئەو سێ مووچەی نەدراوە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بنێرێت و پێشتر دیوانی چاودێریی دارایی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە و وردبینی كراوە".
پێشەوا هەورامی دەڵێت" رێككەوتن بۆ هەمواری یاسای بودجە كراوە و هەر كاتێك سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبژێردرا ئەوا هەمواری یاسای بودجە دەنێردرێت بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق".
وتەبێژی حکومەتی هەرێم راشیگەیاند" ئەو ٦١٨ ملیار دینارەی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دەنێردرێت بۆ مووچەی مانگی یەك تەرخاندەكرێت".
ئەمە لە کاتێکدایە تائێستا مووچە خۆرانی هەرێم مووچەی مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٤یان وەرنەگرتووە، لە ساڵی ٢٠٢٣ش مووچەی مانگی ١٠ و ١١ و ١٢یان فەوتاوە کە دەکاتە سێ مانگ.