سەرۆكی كانتۆنی كۆبانی هێرشێكی توند دەكاتەسەر كەناڵی جەزیرە
وێنەی ئەمرۆی ئەنوەر موسلیم و ژمارەیەک بەرپرسی کۆبانی
سەرۆكی كانتۆنی كۆبانی، ئەنوەر موسلیم هێرشێكی توند دەكاتەسەر كەناڵی جەزیرەو تۆمەتباری دەكات بەوەی كە خزمەتی گەورە بە چەكدارانی داعش دەكات.
ئەنوەر موسلیم لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك لە ستاتۆسێكدا نوسیویەتی: كەناڵی جەزیرە ناوبەناو بڵاویدەكاتەوە كە كۆبانی كەتووەتە دەست داعش. مەبەست لەبڵاوكردنەوەی ئەمە هەواڵەش راكێشانی گەنجانی شارۆچكەكانی دەوری كۆبانیە بۆ ئەوەی بچنە ریزەكانی داعشەوە تا تاڵانی كۆبانی بكەن.
موسلیم دەڵێت: داعش ژمارەیەكی زۆری لێكوژراوە، بۆ پڕكردنەوەی ریزی چەكدارەكانی داعشیش كەناڵی جەزیرە زوو زوو بڵاویدەكاتەوە كە كۆبانی گیراوە، بەمەش هانی خەڵكی شارۆچكەكانی جرابلس، مینبجو گردە سپیو شاری رەقە دەكات تا پەیوەندی بكەن بە داعشەوە. ئەوان بە مەبەستی تاڵانیی دێنە ناو داعشەوەو ئەوانیش بە كوشتیان دەدەن.
ئەنوەر موسلیم كە خۆیو چەند بەرپرسێكی كانتۆنەكە لەناو كۆبانیدا ماونەتەوە، هەڕەشە دەكات هەر كەسێك بە دەم داوای داعشەوە بچێت، ئەوا یەپەگە دوای دەكەوێت لەهەر شوێنێك بێتو بە سزای دەگەیەنێت.
هاوكات باس لەوە دەكات كە یەپەگەو فرۆكە هاوپەیمانەكان رۆژانە بە ئاسمانی كۆبانیو شارەكانی دەوروبەریەوەن بۆ لێدانی چەكدارانی داعشو ئەوانەی پەیوەندییان پێوە دەكەن.
PM:04:54:09/10/2014