به‌په‌له‌..بارودۆخ له‌کوبانی دژواره‌،UN داوا له‌تورکیا ده‌کات رێگابدات خۆبه‌خشه‌کان بچن به‌رگری له‌شاره‌که‌یان بکه‌ن

بارودۆخی کوبانی جارێکی تر دژوار ده‌بێته‌وه‌، داعش ئه‌مجاره‌ له‌باکوریشه‌وه‌ هێرش ده‌کات تورکیاش ‌کارئاسانیان بۆ ده‌کات، ئه‌نوه‌ر موسلێم ده‌ڵێت" شاره‌که‌ له‌ 35% که‌وتۆته‌ ده‌ستی داعش.

له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی شه‌ڕ له‌ کوبانی و پێشروه‌یکردنی داعش نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له‌ سوریا ستڤان دی میستۆرا رایگه‌یاند که‌ پێویسته‌ تورکیا رێگا بدات به‌و که‌سانه‌ی به‌مه‌به‌ستی به‌رگر‌یکردن له‌کوبانی ده‌یانه‌وێت له‌ سنوری تورکیاوه‌ بپه‌ڕنه‌وه‌.(  ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌و کوردانه‌ی باکور که‌ده‌یانوێت بچنه‌ نێو کوبانیه‌وه‌ بۆ به‌رگریکردن له‌شاره‌که‌"

دی میستۆرا ئه‌م داوایه‌ی له‌تورکیا به‌ پێی بڕیاری 2170 نێوده‌وڵه‌تیی ده‌کات‌ که‌ تورکیا رێگای بدات به‌و که‌سانه‌ی ده‌یانه‌وێت ئه‌و شاره‌ بپارێزن له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و قه‌سابخانه‌یه‌ی داعش دروستی ده‌کات ئه‌گه‌ر شاره‌که‌ بگرێت.
به‌پێی هه‌ندێک زانیاری باوه‌رپێکراو ئه‌مرۆ داعش به‌کارئاسانیکردنی تورکیا به‌ره‌یه‌کی نوێی له‌ باکوری شاره‌که‌وه‌ کردۆته‌وه،‌ به‌‌نزیکه‌ی چوار هه‌زار چه‌کداری تر که‌ گه‌وره‌ترین چه‌کیان هاوه‌نی بچووک بووه‌و هه‌ندێکیان با ماتۆر هاتوون هێرشیان کردۆته‌ سه‌ر باکوری شاره‌که‌و ده‌یانوێت پشت له‌ خه‌ڵکی کوبانی و شه‌ره‌ڤانان بگرن و سنوری تورکیا - کوبانیش کۆنترۆل بکه‌ن و له‌هه‌رچوار لاوه‌ گه‌مارۆی شاره‌که‌ بده‌ن.

ئه‌م هێرشه‌ی ئه‌مرۆی داعش که‌ کرایه‌ سه‌ر باکوری شاره‌که‌ ده‌یه‌وێت ده‌روازه‌ی پڕ سۆزی نێوان کوبانی و تورکیا کۆنترۆڵ بکات.

 ‌جه‌گ له‌م به‌ره‌ نوێیه‌، تا ئێستا له‌ قۆڵه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی شاره‌که‌ له‌گه‌ره‌کی پیشه‌سازی که‌ به‌چوارگۆشه‌ی ئاسایش ناسراوه‌ شه‌ڕ به‌رده‌وامه‌.

به‌پێی راپۆرتێکی بی بی سی چه‌کدارانی داعش له‌به‌ره‌ی رۆژهه‌ڵات و باشوری رۆژهه‌ڵات له‌ پێشره‌ویدان.

ئه‌م که‌ناڵه‌ جیهانیه ده‌ڵێت چه‌کدارانی داعش جارێکی تر باره‌گای ئاسایشیان کۆنترۆڵکردۆته‌وه، به‌ڵام باره‌گاکانی حکومه‌ت تا ئێستا به‌ده‌ست شه‌ره‌ڤانانی یه‌په‌گه‌وه‌یه‌.

داعش رایگه‌یاند که‌ چه‌کداره‌کانی کۆنترۆڵی نیوه‌ی شاره‌که‌یان کردووه‌، به‌ڵام سه‌رۆکی حکومه‌تی کوبانی ئه‌نوه‌ر موسلێم به‌ بی بی سی ده‌ڵێت "له‌ 35% داگیرکردووه‌".

له‌په‌یوه‌ندییه‌کی ته‌له‌فونیدا له‌گه‌ڵ په‌یامنێره‌که‌ی ئه‌و که‌ناڵه‌ له‌که‌سه‌ر سنوره‌ ده‌ڵێت" موسلیم رایگه‌یاندووه‌ ئه‌گه‌ر چه‌کیان پێ نه‌گه‌یه‌نرێت، ره‌نگه‌ شاره‌که‌ برووخێت و بکه‌وێته‌ ده‌ست داعش".
سه‌رۆکی حکومه‌ت به‌که‌ناڵه‌که‌ی راگه‌یاندووه‌ که‌ داعش له‌سێ لاوه‌ هێرشه‌کانی به‌رده‌وامه‌ باشور و باشوری رۆژ‌هه‌ڵات و رژهه‌ڵاتی شاره‌که‌و وتویه‌تی" چه‌کدارانی داعش بینای ئاسایش و دادگای کۆنیان کۆنترۆڵکردووه‌، به‌ڵام باره‌گای په‌یه‌ده‌یان داگیر نه‌کردووه"‌.

موسلیم داوا له‌کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ده‌کات به‌ده‌نگیانه‌وه‌ بچن و فریایان بکه‌ون "با قه‌سابخانه‌ دروست نه‌بێت".




PM:09:19:10/10/2014