لهپهیامێکدا حهوت دهزگای راگهیاندن داوا لهمیدیاکان و میدیاکاران دهکات لهبڵاوکردنهوهی ههواڵو زانیاری شهڕدا کارێک نهکهن که بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن، راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ خزمەت بە داعشو مەكینە ئیعلامییەكەی بكەن.
لهسهر بارودۆخێ گشتی کوردستان و ههڕهشهکانی داعش لهسهر ههرێم و، رووپێوکردنی ئهو بارودۆخه لهلایهن میدیاکانهوه، حهوت کهناڵی راگهیاندن( ئاوێنهو سپی میدیا و رادیۆی نهوا و سهنتهری میترۆ و گۆڤاری لڤین و شار و هاوڵاتی) پهیامێک بۆ رای گشتی بڵاودهکهنهوهو ئاماژه بۆ ئهوه دهکهن که بەشێكی زۆر لەكەناڵەكانی راگەیاندنو بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، لەڕێگەی هەواڵو راپۆرتو بڵاوكردنەوەی وێنەو ڤیدیۆوە، بەدوور لەوردبینیو لێكدانەوەی كاریگەرییەكانی ئەو بڵاوكردنەوانە لەسەر ورەو رای گشتی، بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن، راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ خزمەت بە داعشو مەكینە ئیعلامییەكەی دەكەن".
دهقی پهیامهکه
پەیامێك بۆ كەناڵەكانی راگەیاندنو بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان
هاوڕێیان... ئەمڕۆ وڵاتەكەمان لەشەڕێكی سەختدایە لەگەڵ دڕندەترین هێز لەمێژووی هاوچەرخی مرۆڤایەتیدا. ئەم هێزە ئەگەرچی خاوەنی دواكەوتووترینو تاریكترین عەقلییەتە، بەڵام تازەترین چەكی بەدەستەوەیەو بە نوێترین بەرهەمەكانی تەكنۆلۆجیای سەردەم شەڕ دەكات، كە لەپێش هەموویانەوە میدیاو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دێن، وەك ئامڕازی سەرەكیی شەڕی مەعنەویو شەڕی ورە. هیچ گومانیش لەوەدا نییە كە شەڕ پێش ئەوەی بە چەك یەكلایی بكرێتەوە، بە ورەو ئیرادە یەكلایی دەكرێتەوە. لەم بوارەشدا، میدیاو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەشێت رۆڵێكی یەكلاكەرەوە ببینن، بەهەردوو دیوی نێگەتیڤو پۆزەتیفیشدا.
بەداخەوە، ئەوەی لە ماوەی رابردوودا تێبینمان كردووە، بەشێكی زۆر لەكەناڵەكانی راگەیاندنو بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، لەڕێگەی هەواڵو راپۆرتو بڵاوكردنەوەی وێنەو ڤیدیۆوە، بەدوور لەوردبینیو لێكدانەوەی كاریگەرییەكانی ئەو بڵاوكردنەوانە لەسەر ورەو رای گشتی، بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن، راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ خزمەت بە داعشو مەكینە ئیعلامییەكەی دەكەن. ئەو بەڕێزانە لەخۆیان ناپرسن: چۆن دەبێ لەدۆخێكی ئاوا ناسكو شەڕێكی ئاوا قورسدا، پڕوپاگەندەكانی داعش ببنە مادەی هەواڵو راپۆرتو ترساندنی خەڵكی كوردستانو نانەوەی پشێویی "هات.. هات"؟ چ حیكمەتێك لەوەدایە وێنەی چەتەیەكی داعش بڵاوبكەیتەوە كە هەڕەشە لەخەڵكی كوردستان دەكاتو سووكایەتی بە ئاڵاو رەمزە نەتەوییو نیشتمانییەكانمان دەكات؟ بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی هەڕەشەكانی داعشو تاوانەكانی بەرامبەر بە هێزی پێشمەرگە، شەڕڤانەكانو خەڵكی ئاسایی، خزمەتی كێ دەكات؟
ئەمە لەكاتێكدایە كە دەبوو رۆژنامەنووسان لەهەموو كەس زیاتر لە گرنگیو كاریگەریی زانیاریو وێنەو ڤیدیۆ لەسەر سایكۆلۆجیای خەڵك تێبگەنو لەم دۆخەدا بە حەساسییەتێكی نائاساییەوە مامەڵە لەگەڵ بابەتە رۆژنامەوانییەكاندا بكەن. بۆیە لێرەوە داوا لە كەناڵەكانی راگەیاندن، رۆژنامەنووسانو بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەكەین، بەرپرسیارانە مامەڵە بكەنو خۆیان بەدوور بگرن لەوەی نائاگایانە ببنە بەشێك لە پڕوپاگەندەی دوژمنو ئامڕازێك بۆ شكاندنی ورەی هێزی پێشمەرگەو خەڵكی كوردستان.
ئێمە بەهیچ شێوەیەك داوا ناكەین میدیا لە پرنسیپە پیشەییەكانی دوور بكەوێتەوەو زانیاریی ناڕاست بڵاوبكاتەوە، تەنانەت ئەگەر بەبیانووی بەرزكردنەوەی ورەی خەڵكیش بێت، بەڵام پێمان وایە دۆخی مەترسیداری ئەمڕۆ لەسەر هەموومان پێویست دەكات، زیاتر لەهەموو كاتێك وردبینی بكەین، هوشیارانە بەشێك بین لە مقاوەمەتو بەرگری لەخاكو خەڵكی كوردستانو لە بەرەی شەڕی مەعنەویدا، پاڵپشتێكی بەهێزی خەڵكو هێزی پێشمەرگەی قارەمان بین.
هاوڵاتی
رادیۆ نەوا
لڤین
سپی میدیا
شارپرێس
سەنتەری میترۆ
ئاوێنە