پارتی بۆ یەكێتی: ئێوەش شیرینی نەوتان وەرگرتووە، نابێت رەخنە لە سیاسەتی نەوت بگرن
لەكۆبوونەوەی رۆژی یەكشەممەی رابردووی هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتیو یەكێت لەسلێمانی، هەردوو لا چەندین گلەییو گازندەیان بەرەوڕووی یەكتر كردوەتەوە.
لەكۆبوونەوەیەدا بەرپرسانی یەكێتی بە بەرپرسانی پارتییان وتووە: "ئێوە جگە لەوەی لە حکوومەتدا وەزارەتی گرنگتان داوە بە گۆڕان، لە پەرلەمانیشدا وەکو هاوپەیمانی ستراتیژی مامەڵە لەگەڵ گۆڕاندا دەکەن و ڕۆڵی یەکێتیتان پەراوێز خستووە.
لەبەرامبەریشدا بەرپرسانی پارتی بە یەكێتییەكانی دەڵێن: " مەسەلەی گۆڕِان پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە، ئەوان لە هەڵبژاردندا دەنگیان هێناوە و مەسەلە ئیستحقاقی ئینتیخابی بووە، هەروەها ئێوە لە سیاسەتی نەوتدا شەریکمان بوون و شیرینیی نەوتتان وەرگرتووە، بەڵام ئێستا دەڵێن سیاسەتی نەوت شکستی هێناوە".
لەمبارەیەوە سەرچاوەیەكی ئاڤادار بە باسنیوزی راگەیاند: لە سەرەتای کۆبوونەوەکە پارتی و یەکێتی بڕیاریان داوە کە هەرچیان لە دڵدا هەبێت لە بەرانبەر بە یەکتری باسی بکەن، کۆبوونەوەکە هەڵڕشتنی ڕاز و گللەیی هەردوولا بێت لە کۆبوونەوەی داهاتووشدا نەخشەڕێگەی پیاچوونەوە بە پەیوەندییەکانیاندا، لەسەر بنەمای لەیەکگەیشتن ئامادە بکەن.
لەمبارەیەوە بەپێی زانیاریی سەرچاوەکە، یەکێتی گلەیی زۆری لە پارتی کردووە کە ئەوان پێگەی مێژوویی و خەباتی یەکێتییان بە هەند وەرنەگرتووە و رەچاوی هاوپەیمانیەتیی نێوانیان نەکردووە، بەڵکوو وەکو بەدیلی ئەوان مامەڵەیان لەگەڵ گۆڕاندا کردووە.
بۆیە بە سەرکردەکانی پارتیان گوتووە: جگە لەوەی لە حکوومەتدا وەزارەتی گرنگتان داوە بە گۆڕان، لە پەرلەمانیشدا وەکو هاوپەیمانی ستراتیژی مامەڵە لەگەڵ گۆڕاندا دەکەن و ڕۆڵی یەکێتیتان پەراوێز خستووە.
هەروەها یەکێتی زۆر لە هەڵوێستی پارتی توڕەیە لەوەدا کە بڕیاری داوە لە سلێمانی دەنگ بە گۆڕان بدا، سەرکردەکانی یەکێتی گوتووشیانە ئێوە لە هەولێریش لە ئەنجومەنی پارێزگادا ئێمەتان فەرامۆش کردووە.
بەرپرسانی یەکێتی با پارتییان گوتووە: سلێمانی قەڵای یەکێتییه ئێوە دەتانەوێ پشتگیریی گۆڕان بکەن تا ئەو قەڵایەمان لەدەست بچێت، لە پارتیان پرسیوە: ”ئێوە لە بادینان شتی وا قبوڵ دەکەن".
لە بەرانبەریشدا شاندی پارتی بە یەکێتیی گوتووە: مەسەلەی گۆڕِان پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە، ئەوان لە هەڵبژاردندا دەنگیان هێناوە و مەسەلە ئیستحقاقی ئینتیخابی بووە، هەروەها گوتویانە ئەگەر گۆڕان بەشداریی لە حکوومەتدا نەکردایە، هەموو ئەزموونەکە دەکەوتە مەترسییەوە و بەرلەوەی پارتیش زیانی لێ بکەوێت زیانی گەورەتر بەر یەکێتی دەکەوت، چونکە ئەوان هێزێکی لۆکاڵیی زۆنی سەوزن.
هەروەها پارتی بە یەکێتی گوتووە: ئەوەی ئێوە لە شەنگال پێتان کردین داعش پێی نەکردین، ئێوە بەرپرس و کادرەکانتان لەسەر تەلەڤزیۆن دەڵێن پارتی شەنگالی فرۆشتووە، دۆستایەتی چۆن وا دەبێت؟ دەکرێ ئێمەش بڵێین جەلەولاتان فرۆشتووە؟
هەروەها بە بەرپرسانی یەکێتییان گوتووە: ئێوە لە سیاسەتی نەوتدا شەریکمان بوون و شیرینیی نەوتتان وەرگرتووە، بەڵام ئێستا دەڵێن سیاسەتی نەوت شکستی هێناوە.
نێچیرڤان بارزانی گوتوویەتی: ”ئەوەی کردوومانە پێکەوە بووە جەنابی مام جەلال ئاگادار بووە، بەڵام ئەگەر شتێک خراپ بوو دەیخەنە ملی پارتی”.
هەوەها بەرپرسەکانی پارتی گوتوویانە ئێوە پڕوپاگاندەی وا دەکەن کە ئێمە دژی خۆرئاوای کوردستانین و حەز دەکەین شکست بخۆن، لەکاتێکدا ئێمە هەرچیمان پێ بکرێت بۆمان کردوون، پاشان ئەگەر هەوڵەکانی پارتی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان نەبوایە، ئەمریکا فڕۆکەی لە کۆبانی بەکار نەدەهێنا لەوە زیاتر چیمان پێ دەکرێت کە تورکیا ڕێگا نادات.
بەڵام بە گوتەی سەرچاوەکە بە گشتی دانیشتنەکە دۆستانە و سەرکەوتوو بووە. هەردوولا لەسەر ئەوە رێک کەوتوون کە مانەوەی رێککەوتننامەی ستراتیژیی نێوانیان گرنگە و لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا فۆرمێک بۆ چارەسەری کێشەکان بدۆزرێتەوە و پەیوەندییەکان پێداچوونەوەی پیادا بکرێت.
لەمبارەیەوە، عەلی حوسێن ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ (باس) جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لەگەڵ یەکێتیدا قۆناغی باش و خراپیان هەبووە و ئەزموونێکی زۆریان تێپەڕاندووە، هێندە لەیەکتری تێدەگەن، ئەگەر تەنیا بەیەکەوە دانیشن و سەیری یەکتری بکەن دەزانن نیازیان چییە، گووتی ”ئەو کۆبوونەوەیەی یەکشەممەی رابردوو سەرکەوتوو بووە و هەرزوو ئەنجامەکەشی دەرکەوت، کاتێک دوێنێ بینیمان کە پارتی و یەکێتیی و لایەنەکان بە ئاسانی لەبارەی بەشداریی کورد لە حکوومەتی بەغدا گەیشتنە رێککەوتن".
جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە لەو کۆبوونەوەیەدا باسی بابەتی باش و خراپی نێوانیان کراوە و لەسەر پرسەکان راشکاوانە قسەیان کردووە.
مەلابەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییش، دوای کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ پارتی، ڕای گەیاند: 'ئەو پرسانەی قسەیان لەسەر کردوون، پێوەندییەکانی نێوانیان و دۆخی هەرێمی کوردستان و پێوەندییەکانی هەرێم و بەغدا و ناوچەکە و مەترسییەکانی داعش بووە'.
گوتیشی: 'لە کۆبوونەوەکەماندا، گلەییەکانی برادەرانی پارتی لە ئێمە و هیی ئێمەیش لە برادەرانی پارتی، پرسێکی دی بوو کە گفتوگۆمان لەبارەوە کرد، هەردوولامان هەوڵ بۆ چارەسەرکردنیان دەدەین'.
PM:03:23:14/10/2014