"پاش دەستبەكاربوونی وەزیرە كوردەكان به‌غدا 4 ملیار دینار بۆ كوردستان دەنێرێت"


بڕیارده‌ری لێژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ئاشكرای ده‌كات حكومه‌تی عێراق، به‌ڵێنیداوه‌ دوای ده‌ست به‌كاربوونی وه‌زیره‌ كورده‌كان، بڕی 4 ملیار دینار وه‌كو پێشینه‌یه‌ك بۆ هه‌رێمی كوردستان بنێرێت.

هیڤا حاجی میرخان، بڕیارده‌ری لێژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ سایتی باسنیوزی راگه‌یاند ‌حكومه‌تی عێراق به‌ڵێنی داوه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ست به‌كاربوونی وه‌زیره‌ كورده‌كان موچه‌ و بودجه‌ی كوردستان ره‌وانه‌ بكات‌. گوتیشی ‌زانیاری ئه‌وه‌م به‌ر ده‌ستكه‌وتووه‌، حكوومه‌تی عێراقی به‌ڵێنیداوه‌ پاش سوێند خواردن و ده‌ست به‌كاربوونی وه‌زیره‌ كورده‌كان بڕی 4 ملیار دینار ره‌وانه‌ بكات‌.

بڕیارده‌ری لێژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ئاشكراشیكرد ‌له‌ مانگی شوباتی ئه‌مساڵ تا مانگی ئاب، به‌غدا 18 ترلیۆن و چوارسه‌دو هه‌شتاو شه‌ش ملیار دیناری بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی نه‌داوه‌، ئه‌وه‌ش قورسایی خستۆته‌ سه‌ر حكوومه‌ت بۆ دابینكردنی مووچه‌ و پێداویستی پێشمه‌رگه‌‌.




PM:03:04:16/10/2014