ئەڵمانیا پڕچەك كردنی پەكەكە بە دوور نازانێت

‌گەریلاکانی پەکەکە

هاوپەیمانی نزیك لە ئەنجێلا مێركل راوێژكاری ئەمەریكا پڕچەك كردنی پارتی كرێكارانی كوردستان بۆ بەرەوڕوبوونەوە لەگەڵ داعش بە دوور نازانێت.

بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەڵمانیا ژمارەیەك چەكی رەوانەی هەرێمی كوردستان كردوە، بەڵام مێركل پێشتر پشتگیریكردن لە پەكەكەی رەتكردبووە. لەبەرامبەردا "ڤۆڵكەر كادەر" نوێنەری موحافیزەكاری پەرلەمانی ئەڵمانیا‌و هاوپەیمانی نزیكی مێركل، لەلێدوانێك بۆ رۆژنامەی "شیپگڵ" دەڵێت: "ئاگاداری ئەو كێشانەین كە توركیا لەگەڵ پەكەكەدا هەیەتی، بەڵام ئەوەی ئێمە دابنیشین‌و سەیری ئەوە بكەین تا داعش شارە گرنگە سنورییەكان بگرێت‌و ببێت بە هەڕەشەیەك بۆ سەر ئاسایشی جیهانی، ئەمە رێگا چارە نیە".

وتیشی "من پشتیوانیكردن لە باقی گروپە چەكدارییەكان بەدوور نازانم. ئەم پشتگیرییانە دەبێت بە هاوكاری توركیا ئەنجام بدەین، ئەم بابەتە دەربارەی پەكەكەش دروستە‌و پڕچەك كردنی پەكەكە بەدوور نازانم".




PM:03:58:16/10/2014