رێکخراوی CPT جیهانی رایدەگەیەنێت لە سنوری برادۆست دوو هاوڵاتی بەهۆی بۆردومانەکانی فڕۆکەکانی تورکیاوە گیانیان لە دەستداوە.
کامەران عوسمان لە رێکخراوی CPT لە راگەیاندنێکدا بڵاویکردۆتەوە" لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورکیادا بۆسەر کوێستانەکانی خنێرە لە دەڤەری برادۆست، ئەگەری شەهیدبوونی دوو هاووڵاتی مەدەنی و برینداربوونی هاووڵاتییەکی تری مەدەنی دانیشتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە".
ناوبراو دەشڵێت" بەگوێرەی زانیارییەکان، لە ڕۆژی ٢٧ی نیساندا سێ هاووڵاتی مەدەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە خەڵکی ناوچەی زمزینانن لە شاری سەردەشت و دانیشتوی شاری مهابادن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەمەبەستی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە لە سنوری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتوونەتە کوێستانەکانی خنێرە لە شارۆچکەی سیدەکانی سەر بە پارێزگای هەولێر لە باشوری کوردستان."
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات لە ئێوارەی ڕۆژی ٢٨ی نیساندا، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە چڕی بۆردوومانی ئەو ناوچەیە دەکەن و لە ئەنجامدا دوو لەو هاووڵاتییانە گیان لەدەستدەدەن و هاوەڵەکەی تریشیان بە برینداری، بێسەروشوێن دەمێنێتەوە.
کامەران عوسمان ئەوەش دەخاتەڕوو کە تاوەکو ئێستا تەرمی ئەو هاووڵاتییانە نەهێندراونەتە خوارەوە و هیچ هەواڵێکیش لە بریندارەکە نیەو، ناسنامەی قوربانییەکان: ڕەسوڵ یونسی، خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە. ئەحمەد حەیدەری، خێزاندارە و خاوەنی منداڵێکە. تەمەنی قوربانییەکان لە نێوان ٤٥ بۆ ٥٥ ساڵدایە".
کەسوکاری قوربانییەکان بۆ سۆراغی کوڕەکانیان لە هەرێمی کوردستانن و هێزە ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی سنوری شارۆچکەی سیدەکانیش سەرقاڵی دۆزینەوەی تەرمی قوربانییەکانن، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە شوێنیان دیاریبکرێت.