دوای بێسەروشوێنبوونی چوار شاخەوان لە سنووری ناوچەی قەرەداغ لایەن تیمەكانی فریاكەوتنی شاری سلێمانییەوە چارەنووسیان یەكلاكرایەوە و ماڵپەڕی (سپی) زانیاری نوێ دەربارەی ڕووداوەکە بڵاودەکاتەوە.
رەئوف کەمال قایمقامی قەزای قەرەداغ، ئەمڕۆ هەینی ٣ی ئایاری ٢٠٢٤ لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی (سپی) ڕاگەیاند" ئەمڕۆ گروپێکی شاخەوانی بە ناوی (سەگرمە) کە لە ١٢ کەس پێکهاتبوون لە سلێمانییەوە سەردانی گوندەکانی بەڵخەی خواروو و سەروویان کردووە، دواتر چوونەتە گوندی ئاوەسپی، بەڵام لەوێ کەوتبوونە بەر تەوژمی لافاو".
ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک گروپەکە گەڕاونەتەوە لافاو و زریانەکە زۆر بووە و لە ئەنجامدا چواریان کەوتوونەتە نێو ئاوەوە و خنکاون.
لای خۆشییەوە ئارام عەلی وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی لە لێدوانێکی بۆ (سپی) رایگەیاند" زۆر جێگای داخە کە ئەو ٤ شاخەوانە بەهۆی ئەو باران و لافاوە زۆرە گیانیان لەدەستدا، خۆشبەختانە ٨ کەی دیکە رزگار کراون".
ئاماژەی بەوە داوە کە ئێمە چەنجارێک خەڵکمان ئاگادار کردووەتەوە لە رێگای میدیاکان کە لەگەڵ تێکچوونی کەشوهەوا و هاتنی شەپۆلێکی بارانبارینی گەورە تکایە خەڵکی لە ماڵەکان و لە رێگا سەرەکییەکان دوور نەکەونەوە و ئەو تیمانەش چالاکییەکانیان راگرن، بەڵام بەداخەوە گوێمان لێنەگیراوە و بووە هۆی ئەو کارەساتە.
دوای ڕووداوەکە لە لایەن تیمەكانی فریاكەوتنی شاری سلێمانییەوە، تەرمی هەر چوار شاخەوانەكە دۆزرانەوە و دواتر بە مەبەستی توێکاری تەرمەکانیان بەرەو پزیشكی دادی سلێمانی بەڕێکران.
وێنەی (حەمەلاو و داستان) دوو لەو چوار کەسەی کە ئەمڕۆ لە ناوچەی قەراغ کەوتنە ئاوەوە و گیانیانلەدەستدا.
ناوی یەکێکی دیکە لەو گەنجانەی گیانیلەدەستاوە (هادی)یە.