سێ بەندكراوی كورد لە ئورمیە لە سێدارە دران

سێ بەندكراوی كوردی خەڵكی شارەكانی ئورمیە و پیرانشار لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە لە سێدارە دران. 

بەپێی هەواڵێکی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سزای سێدارەی سێ بەندكراو بە ناوەكانی حەسەن چووپانی، خەڵكی گوندی شەهرەستینی سەر بە شاری پیرانشار، حەسەن عەرەبی، خەڵكی گوندی ئەنبێ و عەبدالە حەسەنزادە خەڵكی گوندی یەنگجەی ئورمیە، لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە (بەندیخانەی دەریا) جێبەجێكرا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو سێ بەندكراوە پێشتر "بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەكان" دەستگیرکرابوون و لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا. 

پێشتر ئەو سێ بەندكراوە بە مەبەستی جێبەجێكردنی سزاكەیان بۆ بەندیخانەی تاكە كەسی بەندیخانەی دەریا گواستراونەتەوە.



PM:10:45:10/05/2024