تەندروستی ڕاپەڕین لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆشداری بە هاوڵاتییان دەدات و دەڵێت" لە پێناو پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی کۆمەڵگە، جگە لە تیمە پسپۆڕەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ کەس و لایەنێک سەردانی نیشتیمانی نەوڕەسەکان نەکات".
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ڕاپەڕین، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە لە هۆشدارییەکدا بڵاویکردەوە" لە پێناو پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی کۆمەڵگە لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی هاوبەش، داواکارین جگە لە تیمە پسپۆڕەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ کەس و لایەنێکی تر سەردانی نیشتیمانی نەوڕەسەکان نەکات".
ئاماژە بەوەشکراوە، تا بە فەرمی دڵنیایی دەدرێت لە جۆری نەخۆشییەکە و سەلامەتی بۆ مرۆڤ لەلایەن ڤێتەرنەری سنوورەکە داواکارن هاوڵاتییان سەردانى سنوورەکە نەکەن.
ماوەی چەند ڕۆژێکە ژمارەیەکى زۆر نەورەس لە دەریاچەی دوکان مرداربونەتەوە و بەپێی پشکنینە سەرەتاییەکان، ئەنفلۆنزای باڵندە هۆکاری مرداربوونەوەی نەورەسەکانە.