دوای هەڵمەتی دانانی ئیمۆجی ئاڵای تاجیکستان کە نزیکە لە ئاڵای کوردستانەوە، ئەم ئێوارەیە شەممە بۆکان جاف ئەو گەنجەی زاراوەی سۆران لەگەڵ دوو کەسی تردا خستە ناو سیستەمی وەرگێڕانی گووگڵەوە، لە پەیامێکی نوێدا دەڵێت" چاوەڕوانبن کات شتی زۆر روونتر دەکاتەوە".
لەو پەیامەدا بۆکان جاف کە لەئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردۆتەوە دەڵێت" هەڵمەتی بەکارهێنانی ئیمۆجی ئاڵای تاجیکستان شۆڕشێکی ئەلیکترۆنی بوو، دەبێتەهۆی گۆڕانکاری گەورە کە هەموومان دەیبینین لە داهاتوودا! هیوادارم هەمووان چاوەڕێ بکەن، و پەلە نەکەن".
هەروەها دەشڵێت" وەک پەیمانم پێدان، ئێستاش لەسەر پەیمانی خۆم ماوم، تکایە چاوەڕێ بن کات شتی زۆر ڕوونتر دەکاتەوە! ".
لەسەر داوای بۆکان جاف لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاوڵاتیانی کورد لە هەر شوێنێک بووبن لە ٢١ی ئازار تا ٢١ی نیسان هەڵمەتێکی دانانی ئیمۆجی ئاڵای تاجیکستان بەڕێوەبرد، بەو مەبەستەی کە ئیمۆجی ئەو ولآتە نزیکە لە ئیمۆجی ئاڵای کوردستانەوەو هەوڵێک بوو بۆ قبوڵکردنی ئاڵای کوردستان، دیارە پۆستی ئەمڕۆی ناوبراو پەیوەندی بەو ئەنجامەوە هەیە کە رەنگە لە رۆژانی داهاتوودا دەربکەوێت.