گەورە قاچاخچیەکی بازرگانیکردن بەمرۆڤ دەستگیر دەکرێت

دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی گەورە قاچاخچیەکی بازرگانیکردن بەمرۆڤ ڕادەگەیەنێت کە لەلایەن پۆلیسی نێودەوڵەتییەوە داواکراوەو بەگوێرەی زانیارییەکان تۆمەتبارەکە لە سلێمانی دەستگیرکراوە.

دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت" پاش بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی هێزەکانی ئاسایش، لەسەر بنەمای ئاڵۆگوڕی زانیاری هەواڵگری و لەسەر داوای پۆلیسی نێودەوڵەتی ( ئینتەرپول ) بە فەرمانی دادوەر توانرا لەرۆژی ٢٠٢٤/٥/١٢ گەورە بازرگانێکی قاچاخچی و بازرگانیکردن بەمرۆڤەوە، بەناوی (ب،ک،م) ناسراوە بە (دووپشک) دەستگیربکات و ڕادەستی یاساکرا".

جەختی لەوەشکردووەتەوە کە دەزگای ئاسایشی هەرێم دڵنیایی دەدات بە هاوڵاتیان هیچ کەسێک لەسەرووی یاساوە نییە، هێزەکانی ئاسایش بەردەوام ڕووبەڕووبەری تۆمەتباران دەبنەوە لەپێناو دابینکردنی ئارامی  و سەقامگیری بۆ هەمووان.

لەئێستادا تۆمەتبار بە ماددەی ( ٥ )لە یاسای ژمارە ٢٨ی ساڵی ٢٠١٢ دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکەی بەردەوامە.





PM:03:59:13/05/2024