هەپەگە كوژرانی چوار سەربازی توركیای لە مەتینا راگەیاند

هەپەگە ڕایدەگەیەنێت" لە دوو چالاكی گەریلادا لە ناوچەی مەتینای باشوری كوردستان، چوار سەربازی توركیا كوژران". 

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، ئەمڕۆ دووشەممە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە" رۆژی ١١ی ئەم مانگە لە ناوچەی مەتینای باشوری كوردستان، گەریلا هێرشیانكردە سەر هێزێكی سوپای توركیا و لە ئەنجامدا سێ سەربازی توركیا كوژراون و دوانی دیكەش برینداربوون". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" لە هەمان رۆژ و هەمان ناوچە، لە چالاكییەكی دیكەی گەریلادا دژ بە هێزەكانی سوپای توركیا، سەربازێك كوژراوە و یەكێكی دیكەش برینداربووە، هەروەها لە چالاكییەكی دیكەشدا شۆفڵێكی سوپای توركیا كە خەریكی دروستكردنی رێگا بووە تێكشكێندراوە". 

هەپەگە ڕاشیگەیاندووە" سوپای توركیا سێ رۆژە لە ناوچەی زاپ، چەكی كیمیایی قەدەغەكراو دژی تونێلەكانی شەڕ بەكاردەهێنێت".



PM:08:13:13/05/2024