نادیە موراد لە زانکۆی ئەمریکای واشنتۆن بڕوانامەی بەشی کۆمەڵناسی بەدەستهێنا (وێنە)

كچە ئێزیدی رزگاربووی دەستی داعش لە قەزای شنگال و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی نادیە موراد، توانی قۆناغی کۆتایی خوێندن تەواو بکات و لە زانکۆی ئەمریکای واشنتۆن بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بە دەستهێنا. 

نادیە موراد لە پۆستێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس دەرچوونی خۆی لە زانکۆ راگەیاندووە و دەڵێت" سەرەڕای ئەوەی ڕووبەڕووی ئاستەنگە خەیاڵ نەکراوەکان بوومەوە، بەڵام ئیرادەی من بۆ بەردەوامبوون لە خوێندن هەرگیز لە رزۆک نەبوو". 

دەشڵێت" هاوسەنگکردنی کاری چالاکی و خوێندنی تەواو کات ئاسان نەبووە، بەڵام شایەنی هەموو هەوڵێک بووە، ئەمڕۆ ڕۆژێکە بۆ ئاهەنگ گێڕان بە دەستکەوتەکانم و یادکردنەوەی دایکی خۆشەویستم و هەموو ئەو ژنانەی گوندەکەم کە منیان پێداگیرتر، بەهێزتر و خۆڕاگرتر کرد، سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە لەم سەفەرەدا پشتگیریان کردم". 

نادیە موراد لە دایکبووی (١٩٩٣)یە، کچە چالاکوانێکی کوردی خەڵکی شنگالە، دوای ئەوەی لە ساڵی (٢٠١٤)دا قەزای شنگال کەوتە دەست چەکدارانی داعش نادیە وەک کچانی دیکەی ئێزدی ڕفێندرا، بەڵام لە مانگی ئەیلولی هەمان ساڵدا نادیە لە دەستی گروپی چەکدارانی ڕێکخراوی داعش هەڵهات. 

نادیە دوای هەڵهاتنی چاوی بە زۆرێک لە سەرۆک و سەرکردەی وڵاتانی جیهان کەوت و بانگێشتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرا  و لەوێ دەستیکرد بە گێڕانەوەی رووداو و تراژیدیاكانی خۆی و ژنانی دیکە. 

نادیە موراد ساڵی (٢٠١٨) لە نەرویج وەکو یەکەم کورد لە مێژوودا لەگەڵ دێنیس مۆکوێگی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەدەستهێنا. 



PM:10:22:13/05/2024