پۆلیسی دهۆک لە ڕاگەیەندراوێکدا دۆزینەوەی تەرمی کچێکی ئێزدی تەمەن (٣٠) ساڵانی لە ڕووباری زێی گەورە لە ناحیەی دێرەلوک ڕاگەیاند.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای دهۆک، ئەمڕۆ دووشەممە ١٣ی ئایاری ٢٠٢٤ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" ئەمڕۆ بنکەی پۆلیسی ناحیەی دێرەلوکی سەر بە قەزای ئامێدی ئاگادارکرانەوە لە دۆزینەوەی تەرمی کچێک لە ڕووباری زێی گەورە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای گەیشتنی ئەفسەر و کارمەندانی بنکەی دێرەلوک دەرکەوت کە تەرمەکە کچێکی ئێزدییە و تەمەنی نزیکی (٣٠) ساڵانە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوە لەسەر ڕووداوەکە کراوەتەوە، بۆ دیاریکردنی هۆکاری سەرەکی گیان لەدەستدانی کچەکە و ئاشکراکردنی ناسنامەکەی.