وەزیری بەرگری تورکیا جارێکی تر هۆشداری دەدات بە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و دەڵێت" چەندینجار پێمان گوت دەبێ چی بکات. پێویستە پەیوەندی لەگەڵ تیرۆریستان بپچڕێنێت".
لە نوێترین لێدواندا یاشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا وتی" ئەگەر بافڵ تاڵەبانیش دەیەوێت هەمان پێشهاتەکان ئەزموون بکات، با درێژە بەو چالاکییانەی بدات. چەندینجار پێمان وتووە دەبێ چی بکات. پێویستە پەیوەندی لەگەڵ تیرۆریستان بپچڕێنێت و واز لە پشتیوانیکردنیان بهێنێت و ناوچەکەی لە تیرۆریستان پاک بکاتەوە. کاتێک ئەم کارانە بکات، باشترین ئەنجام بۆ خۆی بەدەست دەهێنێت."
لەبارەی هەڵوێستی عێراقەوە وەزیری بەرگری تورکیا وتی " ئەوان لە پرسی پەکەکەدا متمانەیان بە عێراق هەیە، بەڵام لەگەڵ ئێران هاوتەریبانە لێی ناڕوانن"و، دەشڵێت " راستییەکەی ئێمە متمانەمان بە دۆستە عێراقییەکانمان هەیە.''
لە درێژەی قسەکاندای وتیشی " ئەو خاڵەی لەم کۆتا کۆبوونەوانەدا پێی گەیشتوون کە عێراق پەکەکەی؛ وەک رێکخراوی قەدەخەکراو ناوبرد، تورکیا ئەمە وەک پێشکەوتنێک هەست پێدەکات."
گولەر دەشڵێت "ئێمە پێمانوایە هاوڕێ عێراقییەکانمان هاوشێوەی ئەمریکا و ئەورووپا پەکەکە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی پێناسە دەکەن، بەڵام ئێمە خۆمان بەردەوام دەبین لە تەواوی چالاکییەکانمان لەوێ."
لێدوانی ئەم بەرپرسە سەربازییە باڵایەی تورکیا لە کاتێکدا کە بافڵ تاڵەبانی لە ئێستادا لە ئەمەریکایە کە هاوپەیمانێکی ستراتیژی تورکیایە، هەروەها لە دوو مانگ لەمەوبەر هەر بۆ گوشارخستنە سەر تورکیا، تاڵەبانی سەردانی رووسیای کرد.