" تا ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەلایەن بەغداوە لەسەر هەژماری من نەکراوە"

بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارای عێراق رایگەیاند " گەر کێشەکان وا بمێنێتەوە چارەسەر نەکرێت، کێشەی مووچە سەر هەڵدەداتەوە، چونکە تا ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەسەر بەبانکیکردنی مووچە بۆ بەشداریکردنی هەژماری من و بانکە حکومییەکانی عێراق نەکراوە".

ئەمڕۆ چوارشەممە، فازل نەبی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی هەرێم لە لێدوانێکی نوێیدا دەڵێت " بەغدا سوورە لەسەر بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە رێگەی بانکە حکومییەکانەوە".

ئەو پسپۆرە داراییە ئاشکراشیکرد کە بەغدا سوورە لە پشتبەستن بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و جێبەجێکردنی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

ئەو کە بە کەناڵی ئێن ئارتی راگەیاندووە، دەڵێت" وەزارەتی دارایی عێراق دەیەوێت لەرێگەی بانکە فیدراڵییەکانەوە وەک لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیدا هاتووە کێشەی مووچە چارەسەر بکات نەوەک لەرێگای هەژماری من بۆیە تا ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەو بارەیەوە نەکراوە".

فازل نەبی رەخنە لە لاوازی وەفدەکانی هەرێم دەگرێت و دەڵێت" شاندەکانی هەرێم خاوەن بڕیار و کەسانی پسپۆڕی تێدا نییە، بۆیە ناگەنە هیچ رێککەوتنێک و وەک ماوەکانی رابردوو تەنها رێککەوتنەکان سەر زارەکی دەبن بەبێ هیچ چارەسەرکردنێک".

ئەوەشی خستە روو، مووچەی مانگی چوار بەهۆی داواکارییەکی دادگای فیدڕاڵیەوە نێردراوە و ئەگەر بەبانکیکردنی مووچە دەستپێنەکات، ئەوا مووچەی مانگی پینج گرفتی زیاتری بۆ دروستدەبێت وەک لەوەی لە ئێستادا هەیە، بەڵام دەبێت بە گوێرەی یاسا چارەسەربکرێت لە هەموارکردنەوەی بودجەی ئەمساڵی عێراق.



PM:03:17:15/05/2024