یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان رایدەگەیەنێت" تا ئێستا نەتوانراوە یەک روفاتی ئەنفالکراوانی ناوچەی بادینان بگەڕێنرێتەوە کە بە ئەنفالی قۆناغی هەشت ناسراوە".
یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان، له بهیاننامهیهكدا بڵاویکردەوە" ڕۆژی ١٦ی ئایار کە لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە بە ڕۆژی نیشتمانی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لەسەر ئاستی عێراق دیاریکراوە، ڕۆژێکە بۆ ڕێزگرتن لە قوربانیانی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و هەڵوەستەکردن لەسەر تاوانەکانی جینۆساید، دوای ١٧ ساڵ لە دیاریکردنی ئەم ڕۆژە و هاوکات دوای ٢١ ساڵ لە روخانی ڕژێمی بەعسی فاشیست، تائێستا پرسی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی ئەنفالکراوان و جینۆسایدکراوانی کورد، یەکێکە لە پرسە پەراوێزخراوەکان لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان".
ئاماژهی بهوهشكردوه، تائێستا نەتوانراوە تەنانەت لە ١٠% روفاتی قوربانیانی جینۆسایدی گەلی کورد لە تاوانی ئەنفال و جینۆسایدی بارزانییەکان و کوردانی فەیلی بگەڕێنرێتەوە بۆ خاکی نیشتمان، کە روفاتەکانیان لە ژێر گڵی بیابانەکانی عێراقدا بڵاوبوهتەوە.
له بهیاننامهكهدا هاتووە" ئەگەر هەڵوەستە لەسەر ژمارەی ئەو روفاتانە بکەین، کە هێنراونەتەوە بۆ خاکی نیشتمان، توشی سەرسوڕمان دەبین، که ناکاتە لە ١% روفاتی پیرۆزی قوربانیان، بەپێی داتاکان، لە سەرجەمی عێراقدا، ٣٠١ گۆڕی بە کۆمەڵ سەردەمی ڕژێمی بەعس دۆزراونەتەوە کە لەو ژمارەیە زیاتر لە ٨٠% گۆڕی روفاتی پیرۆزی جینۆسایدکراوانی کوردن، بەڵام تاهەنوکە تەنها ١٢ گۆڕی بە کۆمەڵی ئەنفالکراوانی تاوانی ئەنفال و ٥ گۆڕی بە کۆمەڵی جینۆسایدکراوانی تاوانی جینۆسایدی بارزانیەکان هەڵدراوەنەتەوە".
ههروهها هاتووە" لە کۆی ١٨٢ هەزار جینۆسایدکراوی تاوانی ئەنفال و ههشت ههزار قوربانی جینۆساید بارزانییەکان و دەیان هەزار قوربانی جینۆسایدی کوردانی فەیلی، تائێستا ژمارەی ئەو روفاتانەی هێنراونەتەوه".
له بهیاننامهكهدا ئەوەش هاتووە" تەنها ١٩٧٤ روفاتی ئەنفالکراو گەڕێنراونەتەوە کە دەکاتە تەنها لە ١% ژمارەی ئەنفالکراوان، تەنها روفاتی ٦٩٦ جینۆسایدکراوی جینۆسایدی بارزانیەکان گهڕێنراونهتهوه کە دەکاتە کەمتر لە ٩% ژمارەی جینۆسایدکراوانی ئەو تاوانە، بهڵام نەتوانراوە نەك روفات، بەڵکو یەك گۆڕ یان شوێنی لە ناوبردنی قوربانیانی جینۆسایدی کوردانی فەیلی بدۆزرێتەوە، تائێستاش نەتوانراوە یەک روفاتی ئەنفالکراوانی ناوچەی بادینان بگەڕێنرێتەوە کە بە ئەنفالی قۆناغی هەشت ناسراوە".
هەروەها هاتووە" تائێستا ناسینەوە بۆ روفاتە گەڕێنراوەکان نەکراوە و تەنانەت هەڵمەتی سەرتاسەریش بۆ وەرگرتنی سامپڵی خوێن لە کەسوکاری ئەنفالکراوان وجینۆسایدکراوانی کورد ئەنجام نەدراوە، بە مەبەستی ئەنجامدانی پشکنینی NDA، جگە لە نزیکەی ٢٠٠ خێزانێك نەبێت کە لە مانگی شوبات و ئازاری رابردوو سامپڵی خوێنیان لێی وەرگیراوە، بە ئامانجی ناسینەوەی روفاتی ١٧٢ ئەنفالکراو".
یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان دهشڵێت" خۆدزینەوە لە پرسی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و خۆدزینەوە لە وەرگرتنی سامپڵی خوێن لە کەسوکاری قوربانیان بە مەبەستی ئەنجامدانی پشکنینی DNA، بەپێی یاسای نێودەوڵەتیەکان، دەچێتە چوارچێوەی تاوانی شاردنەوی زۆرەملێ".