لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ پێنج بەندکراو لە سێدارەدران

پێنج بەندکراو کە یەکێکیان ژنە لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ لە سێدارەدران، ئەو پێنج بەندکراوە پێشتر، بەهۆی تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر سزای له‌ سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكرده‌وه‌" سەرلەبەیانی ئه‌مڕۆ شەممە سزای له‌ سێدارەی پەروین موسەوی هاوڵاتی تەمەن ٥٠ ساڵی تورک و خەڵی شاری مەراغە، هاوکات لەگەڵ چوار بەندکراوی کورد بە ناوەکانی مەنسور ناسری تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی بۆکان، یوسف سەعیدی چێهرە تەمەن ٣٢ ساڵ، ڕامین لەوەندی تەمەن ٢٧ ساڵ و پەرویز قاسمی تەمەن ٣٥ ساڵ هەرسێکیان خەڵکی ورمێ لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ (بەندیخانەی دەریا) جێبەجێ کرا". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو پێنج بەندکراوە پێشتر کە لە چەندین دۆسیەی جیادا، بە تۆمەتی پەیوندیدار بە ماددەی هۆشبەر سزای له‌ سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، ڕۆژی پێنجشەممەی رابردوو بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای له‌ سێدارەدانیان بۆ ژووری تاکە کەسی گوازرابوونەوە.

هەنگاو باسی له‌وه‌شكردوه‌، مەنسور ناسری پێنج ساڵ پێش ئێستا ڕامین لەوەندی، پەروین موسەوی و یوسف سەعیدی چێهرە و پەرویز قاسمی چوار ساڵ پێش ئێستا دەستگیرکران و لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.

هەروەها، ساڵح قاسمی باوکی پەرویز قاسمی و برایەکی ڕامین لەوەندی پێشتر بە هەمان تۆمەت و لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ لە سێدارە دراون.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وتویەتی" پەروین موسەوی لە بەندیخانەدا تووشی نەخۆشی شێرپەنجە ببوو و پێشتر باری تەندروستی ناوبراو باش نەبووە". 



PM:01:40:18/05/2024