شارەزایەکی کەشناسی جەخت لەوەدەکاتەوە کە بۆ ماوەی سێ رۆژی تر ھەورە بروسکە و تاوە باران دەستپێدەکاتەوە و ٢٧ی مانگەوە کەشی ھاوینە لەناوچەکانمان دەستپێدەکات و لەسەنتەری پارێزگاکان پلەکانی گەرما لە ٣٦ پلەوە تا ٤٠ پلەی سەدی بەرزبوونەوە بەخۆیەوە ئەبینێت.
ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی رایگەیاند" لە ئەنجامی دۆخێکی لاوازی ناجێگیری کەش و ھەوا لەسەر ناوچەکانمان لە نیوەرۆی سبەی دووشەمەوە ٢٠ی ئایاری ٢٠٢٤ تا ئێوارەی رۆژی چوارشەمە ٢٢ی ئایاری ٢٠٢٤ ناوبەناو لەکاتەکانی نێوان نیوەروان بۆ ئێوارە لەبەشێک ناوچەی جیاجیا لە سنوری پارێزگاکانی دھۆک و ھەولێر و سلێمانی و ھەڵەبجە و کەرکوک و ئیدارەی راپەرین و بەتایبەت ناوچە شاخاویەکان و ئیدارەی سۆران ئەگەری چالاکبوونی ھەورە بروسکە و نمە باران ئەبێت کە بەدیاری نەکراویش لەھەندێ شوێندا تاوە بارانەکان بەخوڕ ئەبێت و بارانێکی زیاتر ئەبارێت".
ئاماژەی بەوەشداوە کە پلەکانی گەرماش جگە لەکاتی بارانبارین لەو ماوەیەدا ٢ تا ٣ پلە بەڕاورد بە رۆژانی ڕابردوو بەرزتردەبێتەوە و بەھۆی زیادبوونی رێژەی شێ لەھەوادا ھەستکردن بەگەرماش زیاتر ئەبێت، خێرای با لەسەرخۆ و ھەندێک لە کاتەکان بەر لەبارانبارین مامناوەند چالاک ئەبێت ١٠-٣٠کم/ک.
ئاراس جەبار دەشڵێت" رۆژی ھەینی و شەمەش ٢٤ و ٢٥ی مانگ ئەگەری کۆتا حاڵەتی لاوازی بروسکە و تاوە باران ئەبێت بەتایبەت لەناوچە شاخاویە سنوریەکاندا و پاشان کۆتای پێدێت تا کاتێکی نادیار ئەگەری بارانی دیکە نابێت، و لە ٢٧ی مانگەوە کەشی ھاوینە لەناوچەکانمان دەستپێدەکات و لەسەنتەری پارێزگاکان پلەکانی گەرما لە ٣٦ پلەوە تا ٤٠ پلەی سەدی بەرزبوونەوە بەخۆیەوە ئەبینێت و لەناوچەکانی گەرمیانیش بۆ زیاتر لە ٤٠ پلەی سەدی بەرزبدەبێتەوە".