نێرگز محەممەدی براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتیی و چالاکوانی بواری مافەکانی مرۆڤ، لە بەندیخانەی ئەوین لە ئێران، بەهۆی ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی بە ئەنجامدانی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنان تۆمەتبار کردووە، بۆ چوارەم جار دادگایی دەکرێت.
ئەمڕۆ یەک شەممە ١٩ ی ئایار ، جارێکی دیکە نێرگز محەممەدی، چالاکوانی مافی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دادگایی دەکرێت، بڕیارە پرۆسەکە بە کراوەیی و بە ئامادە بوونی ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ، ژنان و چالاکوانان بەڕێوە بچێت.
نێگرز محەمەدی لە هەژماری خۆی لە ئینستاگرام ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە هۆکاری دادگایی کردنی ئەمجارەی، لەسەر ئەوەیە کە ئاشکرای کردووە هێزە ئەمنییەکانی زیندانەکان دەستدرێژیی سێکسیی دەکەنە سەر ژنە دەستبەسەرەکان و ئەشکەنجەیان دەدەن.
نێرگز محەممەدی، داوای لە ژنان کردووە، کە ئەو پێشێلکاریی و دەستدرێژییە سێکسییانەی دەسەڵاتداران بەرامبەریان ئەنجامیداون، بڵاویبکەنەوە.
نێرگز محەمەدی، مامۆستا و چالاکوانی مافی مرۆڤ، لە تشرینی دووەمی ٢٠٢١ەوە زیندانی کراوە، لەساڵی ٢٠٢٣ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەرگرتووە.