شەوی رابردوو لە بازگەی کۆیە بێژەر، شاکار ستار کە لە پەێجێکەوە چەند راپۆرتێکی ئەمنی بڵاوکردۆتەوە، لەلایەن ئاسیشەوە دەستگیر دەکرێت، ئاسایش رایدەگەیەنێت" بەفەرمانی دادوەر دەستگیرکراوە".
شەوی شەممە ١٨ ی ئایار لە بازگەی کۆیە لە کاتی گەڕانەوەی لەگەڵ خێزانەکەی و مناڵەکانیدا بۆ هەولێر، شاکار ستار کە بێژەرە لە پەیج و ماڵپەڕی ( تیوار ) لەلایەن ئاسایشی کۆیەوە دەستگیردەکرێت، هەروەها هاوسەرو مناڵەکانی دەگەڕێنرێنەوە بۆ سلێمانی.
کاروان ئەنوەر، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسان لە پەیوەندیەکدا بە ماڵپەڕی ( سپی )ەوە راگەیاند" ئەو کەسە لەلای ئێمە ئەندام نییەو ئەو ماڵپەڕ و پەیجەش کاری تێدا دەکات لەلای ئێمە نەناسراوە".
لەلایەکی ترەوە بەپێی زانیارییەکانی " سپی " ئەم میدیایە مۆڵەتی کاری لە لقی هەولێری سەندیکا وەرگرتووە.
دەزگای ئاسایشی هەرێم لە روونکردنەوەیەکدا لەسەر دەستگیرکردنی ئەم بێژەرە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، " تۆمەتبار کاری ئامادەکردن و پێشکەشکردنی بۆ چەند زنجیرە ڕاپۆرتێکی ناڕاست و چەواشەکار بۆ پەیجێکی نافەرمی کردووە، لە ڕاپۆرتەکانیدا دەزگای ئاسایشی هەرێم بەچەند تۆمەتێکی ناڕاست و بێ بنەما و چەواشکار تۆمەتباردەکات، بە ئامانجی نانەوەی پشێوی و ترس و دڵەڕاوکێ لای هاوڵاتیان".
هەروەها لە راگەیاندنەکەی ئاسایشدا هاتووە" لە ئێستادا بەبڕیاری دادوەر تۆمەتبار بەماددەی ( ٢٢٦ ) لەیاسای سزادان ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بەردەوامە."
لە بە دواداچوونێکی ماڵپەڕی " سپی " دا لەبارەی ئەو پەیجە و ئەو گەنجەی دەستگیرکراوەوە، ئاشکرا دەبێت، شاکار ستار لە پەیجی ( تیوار ) چەند راپۆرتێکی ئەمنی لەسەر هێنانی تلیاک لە ناوچە سنوریەکانی سلێمانی بۆ ناو عێراق و لە وێشەوە بۆ دەرەوە، هەروەها گواستنەوەی کرێکاری شیعەی توندڕەو لە ناوچەکانی سلێمانییەوە بۆ ناوچە شیعە نشینەکان و قاچاخچێتی چەک لە سوریاەوە بۆ عێراق بڵاوکردۆتەوە.
لەو بەدواداچوونەدا رووندەبێتەوە کە ئەم سۆسیال میدیایە هاوشێوەی ئەو سۆسیال میدیا و میدیایانە کە پارتی و یەکێتی لە سێبەردا دروستیان کردووە بۆ دژایەتیکردنی یەکتر و دژایەتیکردنی گرووپ و کەسانی ناڕازی.