"لە بۆکان ژنێکی مامۆستای زمانی کوردی رفێندراوە"

ڕێکخراوی هەنگاو ڕایدەگەیەنێت" ژنێکی مامۆستای زمانی کوردی خەڵکی شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ماوەی چوار ڕۆژە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیرکراوە و تائێستا چارەنووسی نادیارە". 

رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ کە چاودێری رەوشی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، رایگەیاندووە" چوار ڕۆژ پێش ئێستا سەوسەن حەسەنزادە کە پیشەی مامۆستای زمانی کوردی-یە لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ماڵەکەی خۆیدا لە شاری بۆکان دەستگیرکراوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزەکانی ئێران بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و بە بەکارهێنانی توندوتیژی ناوبراویان دەستبەسەر کردووە و ماڵەکەیان پشکنیووە. 

ئەوەشی خستەڕوو، سەوسەن حەسەنزادە، دوای دەستگیرکردنی بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و تائێستاش شوێنی ڕاگرتن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.



PM:07:32:19/05/2024