خامنەیی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ڕاگەیاند

ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایدەگەیەنێت" لە ماوەی ٥٠ ڕۆژی داهاتوودا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار بەڕێوە دەچێت". 

عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە دوای گیان لەدەستدانی سەرۆک کۆمار و شاندی یاوەری ئەو وڵاتە، بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ ماتەمینی گشتی لە ئێران ڕاگەیاند.

هەروەها خامنەیی ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی ماددەی (١٣١)ی دەستوور، محەمەد موخبیر ئیدارەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەگرێتە ئەستۆ و دەبێت لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەری ڕێکبکەوێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ لە  ماوەی (٥٠) ڕۆژدا".

بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەلەفزیۆنی فەرمی دەوڵەتی ئێران گیان لەدەستدانی ڕەئیسی و عەبدوڵڵاهیانی لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی کۆپتەرێکدا ڕاگەیاند.

ئیبراهیم ڕەئیسی هەشتەمین سەرۆک کۆماری ئێرانە، لە ساڵی (٢٠٢١) بۆ جێنشینی حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران هەڵبژێردرایەوە. 



AM:11:59:20/05/2024