ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق وادەی درێژکردنەوەی ماوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریدەکات و دەڵێت" ئەگەر لایەنەکان دوای درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمیسیۆن نەتوانن هەڵبژاردن ئەنجام بدەن ئەوا فاتیحا بۆ حکومەتی هەرێم بخوێنن".
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠ی ئایاری ٢٠٢٤ غەریب ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" دەنگدان لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی كۆمسیۆنی باڵای عێڕاق بۆ ڕۆژی چوارشەممە (٢٢ی ئایار) جێگیركرا".
ڕاشیگەیاند" ڕۆژی چوارشەممە دەنگ لەسەر درێژکردنەوەی کۆمسیۆن بدرێت، ئەوا كۆمسیۆن بۆ شەش مانگ تەمەنی درێژ دەكرێتەوە تا ٢٠٢٥/١/٧ ، و دەبێت لەماوەی ئەو شەش مانگەدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت و خولیکی نوێی پەرلەمانی دەستبەکاربێت".
غەریب ئەحمەد وتیشی" ئەگەر لایەنە حزبی و سیاسییەکانی هەرێم نەتوانن لەماوەی ئەو شەش مانگەدا هەڵبژاردن ئەنجام بدەن ، ئەوا مەترسی دەکەوێتە سەر ئەم کابینەیەی حکومەتی هەرێم و فاتیحا بۆ حكومەتی یاسایی هەرێم بخوێنن".
ئەمە لە کاتێکدایە کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ( ماوە بۆدرێژکراوەی) هەرێمی کوردستان دوای دووجار دواخستنی هەڵبژاردن ، بە مەرسومی کۆماری ڕۆژی ١٠ی مانگی شەش-ی وەک ڕۆژی هەڵبژاردن دیاریکرد، بەڵام پارتی دوای بڕیارەکانی دادگای باڵا لەبارەی کورسی کۆتاکان و دابەشکردنی کورسییەکان بەسەر چوار بازنەدا، هیچ کاندیدێک و ناوێکی بە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق نەدا، و لە ئێستاشدا ئاماژەکان بۆ ئەوەن هەڵبژاردن دوابکەوێت.