ئاوات شیخ جەناب: لەگەڵ عێراق لەسەر رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان رێککەوتین

وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەریمی کوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە کە  پێویستە بە زووترین کات ئەو فەرمانگانەی تەمویل زاتین جیابکرێنەوە و هاوشێوەی عێراق کار بە سیستمی ژمێریاریی تایبەت بە تەمویل زاتی بکەن، و دەڵێت" لەگەڵ عێراق لەسەر رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان گەیشتوونەتە رێکكەوتن".

وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە کە" ئەمرۆ سێشەمە ، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی و ئابووری خولێک بۆ فەرمانگەکانی تمویل زاتی لەسەر ئاستی وەزارەتەکان دەکاتەوە و وەزیری دارایش بەپێویستی زانی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان بەزووترین کات خۆیان لەگەڵ سیستەمە بگونجێنن".

وەزیری دارایی، رایگەیاندووە" لەدەرئەنجامی ئەو ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنانەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هاتووەتە ئاراوە پێویستە بەزوترین کات ئەو فەرمانگانەی تمویل زاتین جیابکرێنەوە و هاوشێوەی عێراق کار بەسیستەمی ژمێریاری تایبەت بە تمویل زاتی بکەن".

ئاوات شێخ جەناب  ڕونیشیکردەوە کە " لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە سەر ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتیەکان گەیشتونەتە ڕێکەوتن بەپێی یاسای بودجەو یاسای ئیدارەدانی دارایی و لەسەر بنەمای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی".

خولی تمویل زاتی لەلایەن سەنتەری پەرەپێدانی وەزارەتی دارایی و ئابوری بۆ فەرمانبەرانی ژمێریاری فەرمانگەو وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کراوەتەوەو بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە هەولێرو سلێمانی و دهۆک بەردەوام دەبێت.













PM:10:49:21/05/2024