نەرمین مەعروف: دوای په‌سه‌ندكردنی هه‌مواری یاسای بودجه‌ كێشه‌ی مووچه‌ له‌ هه‌رێم نامێنێت

پەرلەمانتارێكی كورد لە لیژنەی دارایی عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت" دوای په‌سه‌ندكردنی هه‌مواری یاسای بودجه‌ چاوه‌ڕوان كێشه‌ی مووچه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ ته‌واوی چاره‌سه‌رببێت".

د. نه‌رمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق له‌هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك نووسیویه‌تی" ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه‌ لیژنه‌ی دارایی پەرلەمان یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی سازكرد تایبه‌ت به‌ گفتوگۆكردنی هه‌مواری یاسای بودجه‌ی گشتی بۆ ساڵی ٢٠٢٤".

ڕاشیگەیاندووە،" پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌م بودجه‌یه‌ زیاتر له‌ ٢٠  تریلیۆن و ٩١٠ ملیار دیناره‌، له‌و بڕه‌ش زیاتر له‌ ١٤ تریلیۆن و ٨٤٠ ملیار دینار ته‌رخانكراوه‌ بۆ بواری خه‌رجی به‌گه‌ڕخستن، كه‌ زیاتر له‌ ١١ تریلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان و سوودمه‌ندانی تۆڕی چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی ته‌رخانكراوه".

ئاماژەی بەوەشداوە کە لەو بڕە پارەی بۆ مووچە تەرخان كراوە، مانگانه‌ ده‌كاته‌ زیاتر له‌ ٩٦٥ ملیار دینار.

نەرمین مەعروف دەڵێت" پشتبه‌ست به‌ بڕیاره‌كانی دادگای فیدڕاڵی و جێبه‌جێكردنی رێكاره‌كانی به‌ بانكیكردنی مووچه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌ په‌سه‌ندكردنی هه‌مواری یاسای بودجه‌ كێشه‌ی مووچه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ ته‌واوی چاره‌سه‌رببێت".




PM:09:33:22/05/2024