نوێترین زانیاریی سەبارەت بە مووچەی هێزە ئەمنییەکان راگەیەنرا

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەخت لەوەدەکاتەوە کە پاش رادەستکردنی داهاتی نانەوتی مووچەی هێزە ئەمنییەکان رەوانە دەکرێت.

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ( سپی) راگەیاند " پاش رادەستکردنی داهاتی نانەوتی مووچەی پێشمەرگە وهێزە ئەمنییەکان رەوانە دەکرێت".

وتیشی " ئەمڕۆ یان سبەینێ پێنجشەممە ٢٣ی  ئایار، داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی بەغداد دەکرێت و بڕیارە پاش ئەوە بەغداد مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان رەوانە بکات".

سەرچاوەکە راشیگەیاندووە " لەگەڵ بەغداد رێککەوتن کراوە لەبارەی داهاتی نانەوتی، ئێمە داهاتی نانەوتی تەنیا بە ژمارە و بە نووسراوی فەرمی رەوانەی بەغداد دەکەین، هەر چەندێک بێت، نیوەی بۆ حکومەتی عێراق دەبێت، نیوەی بۆ هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە".

روونیشیکردەوە، بەغداد داوایکردووە سەرجەم داهاتە نانەوتییەکانی بەوردەکارییەوە بۆ رەوانە بکرێت، پاش زانینی کۆی داهاتی نانەوتی، پاش ئەوە نیوەی داهاتەکە بۆ عێراق دەبێت.

ئەمە لەکاتێکدایە زیاتر لە ٤٥ رۆژە مووچەی مانگی نیسانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان دابەشنەکراوە.



AM:12:03:23/05/2024