سلیمانی.. گەنجێک بە تۆمەتی دزیكردن لە سندوقی كۆكردنەوەی خێر بۆ مزگەوت دەستگیردەکرێت

پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند" لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ئیبراهیم ئەحمەدەوە تۆمەتبارێك دەستگیركرا، كە دزی لە سندوقی كۆكردنەوەی خێری چەند مزگەوتێك كردبوو".

بەپێی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، دوای ئەوەی دزی لە سندوقی كۆكردنەوەی خێری دوو مزگەوت لە شاری سلێمانی كرا، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر چاودێری خرایە سەر مزگەوتەكان و سەرەنجام توانرا لە كاتی دزیكردنەكەدا تۆمەتبارێك لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ئیبراهیم ئەحمەدەوە دەستگیربكرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا تۆمەتبار (ب، ل، ع لەدایكبووی ٢٠٠٣) بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی ٤٤٦ لە یاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوە، لە لێكۆڵنەوەكاندا دانی بەوەدا ناوە كە لە چەند مزگەوتێك لە شاری سلێمانی و مزگەوتێكیش لە شاری هەولێر دزی لە سندوقی كۆكردنەوەی خێر بۆ ئەو مزگەوتانە كردووە.


AM:10:58:23/05/2024