پێنج پارت بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەن

پێنج پارتی كلدان و ئاشوور و سریان، دژی کەمکردنەوەی ژمارەی کورسییەکانیان، بایكۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیان ڕاگەیاند. 

هه‌ریه‌كه‌ له‌ پارته‌كانی پارتی بەیت نەهرەینی نیشتیمانی، بزوتنەوەی دیموکراتی ئاشوری، ئەنجوومەنی گەلی کلدانی سریانی ئاشوری، پارتی یەکێتی بەیت نەهرەینی نیشتیمانی، ئەمڕۆ پێنج شەممە له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی هاوبەشدا له‌باره‌ی دابه‌شكردنی كورسی پێكهاته‌كان رایانگەیاند" وەک پێنج پارتی نەتەوەیی کە نوێنەرایەتی گەلی کلدانی سریانی ئاشوری دەکەین، بڕیاری کەمکردنەوەی کورسییەکان رەتدەکەینەوە و بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەین".

دەشڵێن" نادادپەروەری له‌ بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی و دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان هه‌یه‌ و له‌ كۆی پێنج كورسی کریستیانەکان ته‌نها دوو كورسمان بۆ گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه‌، هاوكات لە دابەشکردنی ئەو دوو کورسیەدا، پارێزگای دهۆک بێبەشکراوە کە زۆرترین ژمارەی کریستیانەکانی تێدایە، ئەوەش پێچەوانەی ئاشکرای یاسا و مافەکانە". 

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووە" بە هەموو شێوەیەک کەمکردنەوەی سێ کورسی کۆتای کریستیانی لە پەرلەمانی کوردستان رەتدەکەینەوە کە لە یەکەم یاسای هەڵبژاردن لە ساڵی ١٩٩٢ بڕیاری لەسەردراوە، هەروەها دابەشکردنی دوو کورسی کۆتاکان لەسەر بنەمایەکی راستی دانیشتوان نەبووە، بەڵکو نەخشەیەکی دیموگرافی سیاسی شێوێندراو کراوەتە بنەمایەکی ناڕاستی دابەشبونی کورسییەکان".

ڕۆژی ٢١ی ئه‌م مانگه‌ ده‌سته‌ی دادوه‌ری هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌ر به‌ ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ری عێراق بڕیاریدا لە کۆی ١٠٠ کورسی پەرلەمانی کوردستان، ٥ کورسی بۆ پێکهاتەکان ته‌رخانده‌كرێت کە ٢ کۆرسی بۆ بازنەی هەولێر و ٢ کورسی دیکەش بۆ بازنەی سلێمانی و ١ کورسیش بۆ بازنەی دهۆک دەبێت.


PM:01:45:23/05/2024