لە هەولێر ٢٠ کیلۆ ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیرا

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەرداگرتنی بڕی ٢٠ کیلۆ ماددەی هۆشبەری لە جۆری کریستاڵ ڕاگەیاند.

‎‎بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لە بەردەوامی هەوڵەکانمان بۆ بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری و پاشان وەرگرتنی فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، لە ڕێکەوتی ٢٢ی ٥ی ٢٠٢٤ تیمێکی بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتییمان لە چالاکیەکدا توانییان دوو تۆمەتبار کە کاری بازرگانییان بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکرد دەستگیربکەن، هاوکات لەم چالاکییەشدا بڕی ٢٠ کیلۆ ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ لەناو شاری هەولێر دەستی بەسەردا گیرا". 

‎دەشڵێت" ئێستا هەردوو تۆمەتبار بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵیەکان ڕاگیراون و لە ژێر لێکۆلینەوەدان". 

‎بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ٣٠ی نیسانی ٢٠٢٤ (٥٨٠) کەسیان دەستگیرکردوە، لەو ژمارەیەش  ٣٢٨ یان لە کاری بازرگانی و کڕین و فرۆشتن بە ماددەی هۆشبەرەوە تێوەگلاون. 


PM:02:33:23/05/2024