کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان هۆشداری لە بەکارهێنانی ئەو دەرمانانە دەکات کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دووکانەکانی فرۆشتنی بەناو گیادەرمان، بەردەوام بانگەشەی هەڵە و چەواشەکارانە بۆ مەبەستی چارەسەرکردن، کەمکردنەوە یان رێگریکردن لە نەخۆشی ریکلامیان بۆ دەکرێت.
کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دووکانەکانی فرۆشتنی بەناو گیادەرمان، بەردەوام بانگەشەی هەڵە و چەواشەکارانە بۆ مەبەستی چارەسەرکردن، کەمکردنەوە یان رێگریکردن لە نەخۆشی بۆ کۆمەڵێک بەرهەم دەکرێت، لەکاتێکـدا ئەو بەرهەمانە بەپێی پێوەرە زانستییەکانی رێکخستنە دەرمانسازییەکان، رێگەپێدراونین".
دەشڵێت" ئەو بەرهەمانە بەردەوام ریکلام و بانگەشەی پەسەندنەکراو و درۆیینەی وەک چارەسەرکردنی نەخۆشیی شەکرە، قەڵەوی، کێشکەمی، گەورەکردنی ئەندامەکانی جەستەی ئافرەتان، لاوازیی سێکسی، رەپنەبوونی چووک و گەورەکردنی چووکیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ دەکرێت".
لە راگەیەندراوەکەی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرماندا هاتووە" بەپێی راپۆرتی هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی تاقیگەیی دامەزراوە گەورەکانی دەرمان، ئەو بەرهەمانە مەترسیدارن، چونکە ماددە و دەرمانی شاراوە یان قەدەغەکراویان بە بڕی زۆر تێدایە، سەرجەمیشیان لێکەوتی مەترسیداری تەندروستیی لەسەر ئەندامەکانی لەش وەک؛ ئێسکەکان، گورچیلەکان، جگەر، گەدە، مێشک و دڵ، جێدەهێڵن".
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە هاونیشتمانییان ئاگاداربن کە ئەو بەرهەمە ساختانە رەنگە لە رێگای کەناڵە جیاوازەکانەوە بۆ فرۆشتن پێشکەشبکرێن، لەوانە؛ ئینتەرنێت، بازاڕە گەورەکانی ئۆنلاین، سۆشیال میدیا، ئیمێڵ، پۆست، ساڵۆن، دەرمانخانە، دووکانی گیادەرمانی، بەهاراتفرۆشەکان و کۆگای خۆراک.
داواشدەکات هاونیشتمانییان بەرهەمی دەرمانسازی بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی لە رێگای راوێژی پزیشکی پسپۆڕ وەربگرن و دەرمانیش دوای راوێژی دەرمانساز لە دەرمانخانەکان بکڕن، تەنها ئەو دەرمانانە بەکاربهێنن کە ستیکەری کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان – وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان لەسەرە.