هێزەکانی کۆماندۆ بە پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانان هێرشدەکەنە سەر چەند حەشارگەیەکی داعش دوو تونێلی ئەو رێکخراوە خاپوور دەکەن و دەست بەسەر ژمارەیەك كەرەستەی ئەلكترۆنیدا دەگرن.
لە راگەیەندراوێکدا هێزەکانی کۆماندۆ بڵاویکردەوە "تیمێكی شەڕكەری كۆماندۆ دوای دەستكەوتنی زانیاریی وردی هەواڵگری، لەگەڵ تیمێكی هاوپەیمانان لە کاتژمێر ٢ـی شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی رێكەوتی ٢٣ لەسەر ٢٤ـی ئایار، لەسنوری گەرمیان - تاوێركەوە، دەستیان بە كێوماڵكردنی دەرچەی تاوێركەوە كرد و دوو تونێلی تیرۆرستانیان لەو ناوچەیە خاپوور كرد".
کۆماندۆ ئەوەش دەخاتەڕوو، لەكاتی كێوماڵ كردنەكەدا و لە یەكێك لە تونێلەكان، كۆماندۆ دەستیان بەسەر چەند ئامێرێكی ئەلیكترۆنی و لاپتۆپ و پارچەی یەدەگی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكاندا گرتووە، كە ئامانجی ئۆپراسیۆنەكە دەستكەوتنی ئەو كەرەستانە بوو".
روونیشکراوەتەوە، هاوكات ئۆپراسیۆنەكە لە ئاسمانەوە لە لایەن هێلیكۆپتەری هاوپەیمانانەوە پاڵپشتی كرا و لە کاتژمێر٩ ـی بەیانی ئەمڕۆ هەینی كۆتاییهات.