سەرچاوەیەکی نزیک لە پێنج هاوڵاتی كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان کە لە هەولێر سزادراون و لە چەند ڕۆژی ڕابردوشدا دەمی خۆیان لە زیندانی چاکسازی هەولێر دوریوەتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئەو پێنج کەسە تۆمەتبارکراون بە ئەندامێتیان لە "ئیتلاعاتی ئێران و سیخوڕیکردن" بۆ ئەو وڵاتە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە دراون بە دەنگی ئەمەریکا، ماوەی چەند ڕۆژێکە ئەو سزادراوە کوردانە لە نێو چاکسازی مانیان لە خواردن گرتوە و جگە لە ڕەتکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەیان کراوەو پێی سزادراون، گوایە" ئێران" داوای کردوە کە ڕادەستی بكرێنەوە.
سەرچاوەیەکی نزیک لەو پێنج زیندانییە کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەو تۆمەتەی ئاڕاستەی ئە زیندانیانە کراون سیخوڕیکردنە، واتە ئەندامێتیان لە ئیتلاعات و سیخوڕیکردنیان بۆ ئێران".
ئەو سەرچاوەیە وتیشی،" جگە لەو پێنج تۆمەتبارە کەسێکی تریش بە ناوی س. ح. س. كە خەڵکی پێنجوێنە، ماوەی زیاتر لە ٨ ساڵە بە هەمان تۆمەت زیندانیکراوە و ٢ ساڵی زیاتری ماوە تا ئازاد بکرێت، ئەویش هاوشێوەی گیراوە ئێرانییەکان تۆمەتەکەی ڕەتدەکاتەوە."
ئیحسان عەبدولرەحمان بەڕێوەبەری گشتی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکایی ڕاگەیاندووە،"ئەو ٥ کەسە لەلای ئێمەن لە چاکسازی گەورانی هەولێر، بەپیێ مادەی ١٥٦ی سیخوڕیکردن سزادراون، ئەوان داواکاریان لە حکومەتی ئێران هەبو کە بیانگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتی خۆیان، دوێنی ٢٣ی مانگی ٥ی ٢٠٢٤، کونسوڵی ئێران سەردانی کردن تا ئەوانیش داوا بەرزبکەنەوە بۆ سەروی خۆیان."