قەیوان و شارەوانی: جۆری زەویەکەوە لە سەوزاییەوە گۆڕدراوەو، گردەکانیش دەکرێن بەشوێنی نشتەجێبوون

 
لەسەر ئەو هەڵمەتەی لە میدیا و سۆشیال میدیا وەک رایەکی گشتی دەکرێتە سەر شێواندنی چیای گۆیژە بەردەوامە، کۆماپانیای قەیوان و شارەوانی سلێمانی ناچار روونکردنەوە دەدەن و، وتەبێژی شارەوانی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات جۆری زەویەکە لە " سەوازییەوە " گۆڕدراوە.( بەو واتایەی لە سەوزاییەوە گۆڕدراوە بۆ پرۆژە). هەروەها بەڕێوەبەری پرۆژەکانی قەیوانیش دەڵێت " ئەو دوو گردە دەکرێتە شوێنی نیشتەجێبوون".

ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە لە میدیا و سۆسیال میدیایەوە لە کەسانی ژینگە پارێز و چالاکوان و رۆشنبیرانەوە رەخنەی تووند لە رووخان و تەختکردنی دوو شاخی زنجیرە چیای گۆیژەو ئەزمەڕ دەگیرێت کە دەکەونە بەردەم تونێلی پێشڕەو، ئەمڕۆ یەک شەممە ٢٦ ی ئایار کۆمپانیای قەیوان و شارەوانی سلێمانی ناچار پەنایان بردە بەر روونکردنەوە لەسەر رووخانی ئەو دوو شاخە. 

لە روونکردنەوەکە کە لەبەردەم ئەو پرۆژەیەدا سازکراو بەشێکی داڕوخانی شاخەکە لە پشت کۆنگرە رۆژنامەگەریەوەکەوە دیاربوو، شاباز سدیق بەڕێوەبەری پرۆژەکانی گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان وتی" ئەم پرۆژەیە كە لە شەقامێكی دوو كیلۆمەتری و بەشێك لە شەقامی ١٠٠ مەتری و بەشێكیشی فراونكردنی پرۆژەی نیشتەجێبوونی بەرزاییەكانی سلێمانیە" وتیشی " ئەو دوو گردە دەبنە پرۆژەی نیشتەجێبوون".
بەڕێوەبەری پرۆژەکانی گرووپی کۆمپانیای قەیوان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە تێچووی پرۆژەکە ١٥ ملیار تا ٢٠ ملیار دینار دەبێت.

هەروەها ناوبراو نەیشارەدەوە کە ئەو دوو " گردە " بەشێك دەبێتە لە فراوانكردنی پرۆژەی نیشتەجێبوونی بەرزاییەكانی سلێمانی و دەكرێنە شوێنی نیشتەجێبوون. 

ئەندازیار شاباز سدیق لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی " ئەم پرۆژەیە بە پێی رێككەوتنێكە كە لەگەڵ حكومەت كراوە مۆڵەتی نزیكەی ١٤ بەڕێوەبەرایەتی بۆ وەرگیراوە، ئەمەش بۆ خزمەتكردنی شاری سلێمانیە".

باسی لەوەشکرد کە ئەم شەقامە دوو سایدیەی تونێلی پێشڕەو، بۆ کۆتاییهێنانە بەو رووداوانەی لەم سەر رێگایە روویداوەو بە " رێگای مەرگ " ناسراوە". 

 
وتەبێژی شارەوانی سلێمانی زەردەشت رەفیق لەو کۆنگرەیەدا جگە لەوەی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد سنفی زەویەکە گۆڕدراوە، هاوکاتی وتیشی" ئەم پرۆژەیە رەزامەندی هەموو لایەنەكانی وەرگرتووە، شارەوانی و وەبەرهێنان و ژینگە". 

باسی لەوەش کرد، ئەم پرۆژەیە پرۆژەیەكی وەبەرهێنانەو رەزامەندی وەبەرهێنان و کشتوکاڵی هەیە رەزامەندی وەزارەتیشی هەیە.
 




PM:07:15:26/05/2024