مەسرور بارزانی ڕایدەگەیەنێت" پێشوازی و پشتگیری لە وەبەرهێنانی فرەچەشن دەکەین کە بەشێکە لە کارنامەی حکومەت لە ڕووی فرەچەشنکردنی ئابووری".
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە لە میانی ڕێوڕەسمی مەراسیمی کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتی قەتەر لە هەولێر لە وتارێکدا ڕایگەیاند" هیوادارم ئەم هەنگاوە ببێتە هۆکارێک بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی دۆستانە لە نێوان هەرێمی کوردستان و قەتەر".
وتیشی" دڵخۆشین کە پەیوەندییەکی باش لە نێوان هەرێمی کوردستان و قەتەر هەیە، لەم ماوەیەی دواییدا زۆرێک لە بەرپرسانی قەتەر سەردانی ناوچەکەیان کردووە، هەروەها سەردانی دەوڵەتی قەتەریشمان کردووە'.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی" ئێمە ڕێزێکی زۆرمان بۆ ئەمیری قەتەر شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی هەیە و هیوادارین زیاتر پەرە بە پەیوەندییەکان لەگەڵ دەوڵەتی قەتەر لە بوارە جیاجیاکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش بدەین".
بارزانی هێمای بۆ ئەوەش کرد کە" کردنەوەی کونسوڵخانەی قەتەر یارمەتیدەر دەبێت بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە ڕووی جۆراوجۆرەوە، بەتایبەتی لە کۆڕبەندی بازرگانی و ڕۆشنبیری و کشتوکاڵی و خوێندنی باڵادا".
مەسرور بارزانی داواشی لە وەبەرهێنەرانی قەتەری کرد سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و لە بوارە جیاجیاکاندا کار بکەن" ئێمەش لە حکومەتی هەرێم ئامادەین هەر ئاسانکارییەک لەم لایەنەدا پێشکەش بکەین".
ڕاشیگەیاند" پشتیوانی هەمە چەشنکردنی وەبەرهێنان دەکەین، کە بەشێکە لە بەرنامەی حکومەتی هەرێم بۆ هەمە چەشنکردنی سەرچاوە ئابوورییەکان".