كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی ڕایدەگەیەنێت" ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن ببێته هه‌ڵبژاردنێكی گه‌ل هه‌ڵوێستی نوێمان ده‌بێت".
ئەمڕۆ یەکشەممە بە سەرپەرشتی مه‌سعود بارزانی كۆمیتەی ناوەندی پارتی لە پیرمام کۆبووەوە، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی کۆبوونەوەکە کە تێیدا هاتووە" پشتیوانی له هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكومه‌ت ده‌كه‌ین بۆ جێبه‌جێكردنی مادده‌كانی ده‌ستور و ڕێككه‌وتنه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی بودجه‌ی هه‌رێم و موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی خۆڕاگری كوردستان".
ئەوەش هاتووە" هه‌وڵه‌كانمان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان به‌گشتی بۆ چاره‌سه‌ری كۆی كێشه‌كان به‌رده‌وامن، دوای ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان كه له هه‌ڵوێستی ڕاگه‌یاندراوماندا باس كراون بكرێن، ڕێككاره‌كان له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان دابن و هه‌ڵبژاردنه‌كه ببێته هه‌ڵبژاردنێكی گه‌ل په‌سند، هه‌ڵوێستی خۆمان ڕاده‌گه‌یه‌نین".
دەقی راگەیەندراوەكە بەمشێوەیەیە:
به‌سه‌رپه‌رشتی جه‌نابی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتیمان، ئه‌مڕۆ یه‌ك شه‌ممه 26-5-2024 له سه‌ڵاحه‌ددین، به ئاماده‌بونی جێگرانی سه‌رۆك و ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و یه‌ده‌گه‌كان و به‌رپرسی لقه‌كان، كۆبونه‌وه‌ی فراوانی خۆی ئه‌نجام دا.
دوای ساتێك وه‌ستان بۆ ڕێزگرتن له گیانی پاركی شه‌هیدانی كوردستان سه‌روه‌ریان بارزانی نه‌مر و كاك ئیدریسی هه‌مشه له‌یاد، كۆبونه‌وه كه له ڕۆژێكی پیرۆز و مێژویی ئه‌نجامدرا، به پیرۆزبایی 26ی گوڵان، سی و هه‌شته‌مین ساڵیادی هه‌ڵگریسانی شۆڕشی گوڵان، ئه‌و شۆڕشه‌ی كه ویست و پیلانی دوژمنانی كوردستانی كرده خه‌ونێكی به‌دی نه‌هاتو، ده‌ستی پێكرد.
دواتر چه‌ند پرسێكی هه‌نوكه‌یی و گرنگ و پێویست خرانه به‌ر باس و گفتوگۆ و، ئه‌و بابه‌ت و ته‌وه‌رانه‌ی خواره‌وه بڕیاری پێویستیان بۆ وه‌رگیرا:
ته‌وه‌ری یه‌كه‌م:
په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر
په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران، كه هه‌وراز و نشێوی به‌خۆیه‌وه بینیوه و ماوه‌یه‌ك ساردی و لێكتێنه‌گه‌یشتن به په‌یوه‌ندییه‌كانمانه‌وه دیاربو، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه په‌یوه‌ندییه‌كانمان پێشینه‌یه‌كی دێرین و باشی هه‌بوه و، دوای په‌یوه‌ندیكردن و هه‌وڵدان بۆ ئاسیاییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان به له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ردولا، ڕه‌وتی هه‌وڵه‌كانی ئاساییكردنه‌وه ئاكامی هه‌بو، هیوادارین به ئاراسته‌ی ڕێزگرتن و لێكتێگه‌یشتن په‌یوه‌ندییه‌كانمان بگه‌ڕێنه‌وه ئاستی ئاسایی.
په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ كۆماری توركیا به هه‌وڵی هه‌ردولا و لێكتێگه‌یشتن و ڕێزگرتنی به‌رامبه‌ر و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان، ڕێڕه‌وی ئاسایی خۆی وه‌رگرتوه، هاتنی سه‌رۆك كۆماری توركیایش، ئه‌ردۆگان بۆ كوردستان، ته‌كانێكی ئه‌رێنی و باشی دایه په‌یوه‌ندییه‌كانمان.
په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ وڵاتان و ده‌وڵه‌تانی دیكه‌ی جیهان، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و ئه‌وروپا له ئاستێكی باشدایه و، كۆبونه‌وه و سه‌ردانی شاندی وڵاتان و سه‌ردانی شه‌نده‌كانمان له هاتن و چونی به‌رده‌وام و ئاستێكی باشدان، پێویسته له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستان په‌ره‌یان پێبدرێت و جموجۆڵی دیپلۆماسی به‌هێزتربكه‌ین.
په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی زۆربه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی تێگه‌یشتنی باشیان له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و ڕۆڵی داموده‌زگاكانی هه‌رێم له به‌شداری و دابینكردنی سه‌قامگیری و ئه‌منیه‌تی ناوچه‌كه و، دروستكردنی په‌یوه‌ندی باش و هاوسه‌نگ له‌گه‌ڵ ته‌واوی لایه‌نه‌كان هه‌یه، كه هه‌میشه هه‌رێمی كوردستان فاكته‌ری ڕه‌واندنه‌وه‌ی گرژیه‌كانه و به‌شێكی گرنگیش بوه له دژایه‌تی تیرۆر و توندوتیژی.
كۆبونه‌وه هه‌وڵ و كۆششه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی به‌رزنرخاند به‌ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان و به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له ناوخۆی عێراقی فیدراڵ و وڵاتانی دراوسێ و جیهان و، پاڵپشتی هه‌نگاوه‌كانیان ده‌كات. هه‌روه‌ها جه‌خت له‌وه‌كرایه‌وه كه ڕێگا نه‌درێت هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك له هه‌رێمه هه‌بێت بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی و ئه‌منیه‌تی وڵاتانی دراوسێ.
ته‌وه‌ری دوه‌م:
په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدڕاڵی عێراق:
ده‌ستوری هه‌میشه‌یی ده‌وڵه‌تی فیدراڵی عێراق ڕێوشوێنی په‌یوه‌ندییه‌كانی ڕێكخستوه و به‌گوێره‌ی مادده و بڕگه‌كانی، شێوازی به‌ڕێوه‌چونی ئیداره و مامه‌ڵه‌ی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵی دیاریكردوه، هه‌روه‌كو ده‌سه‌ڵاته‌كانیش دیاریكراون. له‌لایه‌كی دیكه‌وه بۆ زیاتر هه‌ماهه‌نگی و پێكه‌وه كاركردن، ژماره‌یه‌ك ڕێككه‌وتنی سیاسی و ئیداریمان له چوارچێوه‌ی ئیئتیلافی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت ئه‌نجامداوه.
ئێمه له پارتی دیموكراتی كوردستان، داواكاربوین و داواكارین بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان په‌نا به‌رینه‌به‌ر ده‌ستور و ڕێككه‌وتنه‌كان و، هه‌وڵه‌كان به ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه و گرفته‌كان به‌رده‌وام بن، هه‌روه‌ها پشتیوانی له هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین بۆ جێبه‌جێكردنی مادده‌كانی ده‌ستور و ڕێككه‌وتنه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی بودجه‌ی هه‌رێم و موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی خۆڕاگری كوردستان.
ته‌وه‌ری سێیه‌م:
هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان
هه‌روه‌كو پێشتریش ڕامانگه‌یاندوه كه به‌ر له كۆتاییهاتنی ماوه‌ی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن دابوین بۆئه‌وه‌ی په‌نا نه‌به‌ینه به‌ر هیچ ڕێككارێكی دیكه، به‌ڵام به‌داخه‌وه به بیانوی جۆراوجۆر ڕێگا له‌م هه‌وڵه یاسایی و ئاساییه‌ی پارتیمان گیرا، بۆیه‌ش دوابه‌دوای ڕوداوه‌كان و بڕیاره جیاجیاكان له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك بابه‌تی سیاسی و ئیداری و دارایی و، جێبه‌جێنه‌كردنی ده‌ستور و له‌به‌رچاونه‌گرتنی مافی پێكهاته‌كان و هه‌ندێ ڕێككاری نادروست سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردن، هه‌ڵوێستی خۆمان ڕاگه‌یاند، ئێستاش هه‌وڵه‌كانمان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان به‌گشتی بۆ چاره‌سه‌ری كۆی كێشه‌كان به‌رده‌وامه و، دوای ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی كه له هه‌ڵوێستی ڕاگه‌یاندراوماندا باس كراون بكرێن و، ڕێككاره‌كان له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان دابن و هه‌ڵبژاردنه‌كه ببێته هه‌ڵبژاردنێكی گه‌ل په‌سند، هه‌ڵوێستی خۆمان ڕاده‌گه‌یه‌نین.
ته‌وه‌ری چواره‌م:
ناوخۆی كوردستان
به‌گوێره‌ی بڕیاری كۆنگره و ڕێنماییه‌كانی جه‌نابی سه‌رۆك، پارتیمان ده‌رگای گفتوگۆكردن و زه‌مینه‌سازی زیاتر و لێكحاڵیبون كه له خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هاوڵاتیان و پرۆسه‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان دابێت، له‌گه‌ڵ هه‌مو لایه‌نه‌كان كرده‌وه، به ئامانجی ئه‌وه‌ی هه‌مو لایه‌ك به‌یه‌كه‌وه به‌رگری له به‌رژه‌وه‌ندی و ده‌ستكه‌وته‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ین. له ئێستا و داهاتویشدا هه‌ر ئه‌وه سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی پارتیمان ده‌بێت.
ته‌وه‌ری پێنجه‌م:
ڕاگه‌یاندن
به باوه‌ڕی پارتیمان، ڕاگه‌یاندن جگه له هێشتنه‌وه‌ی هاوڵاتیان له‌ئاستی ڕوداوه‌كان، پێویسته ڕۆڵی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی خۆی بگێڕێت له دروستكردنی ئاراسته‌ی یه‌كترقبوڵكردن و مرۆڤدۆستی و پابه‌ندبون به به‌ها و ئاكاری پێكه‌وه‌ژیانی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و سیاسی، هه‌روه‌ها سایكۆلۆژیای هاوڵاتیان له‌به‌رچاوبگرێت و نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوكێ دروست نه‌كات و، ڕه‌چاوی ئه‌و گۆڕانكاری و پێشكه‌وتنه خێرا و زۆرانه بكات كه له جیهان و ناوچه‌كه‌دا له ئارادان، ده‌بێ ڕاگه‌یاندن و ڕوشنبیری له‌و ئاسته‌دابن كه به بابه‌تی لابه‌لا و بچوك سه‌رقاڵ نه‌كرێن، هه‌روه‌كو كۆبونه‌وه جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه كه ڕاگه‌یاندنی پارتیمان وه‌كو هه‌میشه له ئاستی مێژو و گه‌وره‌یی پارتی و ڕێبازی پیرۆزی بارزانی دابێت.
ته‌وه‌ری شه‌شه‌م:
ناوخۆی پارتیمان
له‌م ته‌وه‌ره‌دا، كۆبونه‌وه تاوتوێی كۆمه‌ڵێك بابه‌تی ڕێكخستن و په‌یكه‌ری ڕێكخراوه‌ی و ئۆرگانه‌كانی پارتیمانی كرد و، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا پێشنیار و ڕای به‌شی ڕێكخستنی مه‌كته‌بی سیاسی و مه‌كته‌بی ڕێكخستنی پارێزگاكان و لقه‌كان خرانه به‌رباس و گه‌نگه‌شه‌كردن و، بڕیاردرا بۆ جێبه‌جێكردنی مادده‌كانی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌سندكراوی كۆنگره‌ی14 كۆنفرانسی ناوخۆیی له ئاستی ته‌واوی ئۆرگانه‌كانی پارتیمان ئه‌نجامبدرێت.
كومیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی دیموكراتی كوردستان