لە مەریوان مامۆستایەکی ژن لە کارەکەی دوورخرایەوە

لە مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان مامۆستایەک بە بڕیاری لیژنەی پێراگەیشتنی سەرپێچێییە ئیدارییەکان لە وەزارەتی پەروەردە لە کارەکەی دوورخرایەوە. 

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سومەیە ئەختەر شومار مامۆستای خەڵکی گوندی (ڕواڕ) سەر بە شاری سەوڵاوا و دانیشتووی مەریوان کە ماوەی ١٧ ساڵە لە قوتابخانەکانی ئەو شارەدا وانە دەڵێتەوە لە کارەکەی دوورخرایەوە.

هەنگاو ڕاشیگەیاندووە" لیژنەی پێڕاگەیشتنی سەرپێچییە ئیدارییەکانی پارێزگای سنە، سزای دەرکردنی ئەو مامۆستایەی بەبێ ئامادەبوونی سومەیە و پارێزەرەکەی و بە بێ هیچ بەڵگەیەکی سەلمێندراو دەرکردووە". 

دەشڵێت" لە نموونەی تۆمەتە پاڵدراوەکانی سومەیە ئاماژە بۆ پۆشینی جل و بەرگی کوردی و پەیوەندی دانی جل و بەرگی کوردی بە جۆری جل و بەرگی ئەندامانی حیزبە کوردستانییەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران و بڵاوکردنەوەی بابەتی ورووژێنەر لە کەناڵی پیشەیی مامۆستایان کراوە". 



PM:10:17:26/05/2024