مەسرور بارزانی: هەموو هەوڵێکمان خستووەتەگەڕ کێشەی مووچە لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند'' هەموو هەوڵەکانیان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی کۆتایی بە دۆخی سەختی ئابووری بهێنن و کێشەی مووچە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی چارەسەر بکەن''.

ئەمڕۆ دووشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی ( ماوەبۆدرێژکراوەی) حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پردی دەربەندی ڕانیە ڕایگەیاند" لە چەند ساڵی ڕابردوو بارودۆخی قەیرانی سەختی ئابووری و داراییمان تێپەڕاند و سوپاسی خۆڕاگری هاووڵاتییانی خۆشەویست دەکەم".

وتیشی" هەموو هەوڵەکانمان خستووەتەگەڕ و هەموو تواناکانمان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی کۆتایی بەو دۆخە سەختە ئابوورییە بهێنین، بە تایبەتیش مووچە لە کاتی خۆیدا بدرێت".

مەسرور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو کە " هەوڵمانداوە کێشەکانمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور و ڕیککەوتنەکانی نیوانمان چارەسەر بکرێن".

سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند" بەردەوام لەگەڵ بەڕێز (محەمەد شیاع) سودانی لە پەیوەندیدام و شاندەکانی دانوستانیش بەردەوامن بۆ وەلانانی کۆسپەکان و لەو بڕوایەداین کە دەتوانین پێکەوە لەسەر بنەمای دەستوور و بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتییان سەروەت و سامانی عێراق و هەرێم بۆ خزمەتی هەموو هاووڵاتییان پیشخستنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان بەکاربینین و پێگەی ئابووری عێراق و هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا بەرزبکەینەوە".



PM:01:55:27/05/2024