لیستی ناوی سێ یەکەمەکان ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت

وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم رایدەگەیەنێت" بەمەبەستی دامەزراندن، سبەینێ لیستی ناوی سێ یەکەمەکان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین". 

وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێم، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧ی ئایاری ٢٠٢٤ لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە" کۆبوونەوەیەکى تایبەت لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکانی وەزارەت ئەنجامدرا بۆ هەنگاوە کۆتاییەکانی ئامادەکاری و هەماهەنگی بۆ دامەزراندنى سێ یەکەمەکانى سەر بەشەكان لە دەرچووانی ساڵانی خوێندنى (٢٠١٧ - ٢٠١٨) تاکو (٢٠٢٠ - ٢٠٢٣) کە وابڕیارە سبەینێ سێشەممە لیستی کۆتایی ناوەکان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت". 

بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم، لەو کۆبونەوەیەدا کە ئەمڕۆ دووشەممە بە سەرپەرشتی د. ئارام محەمەد وەزیرى خوێندنى باڵای هەرێم، لە دیوانی وەزارەت بەڕێوەچوو، وەزیری خوێندنی باڵا رایگەیاند" دامەزراندنى سێ یەکەمەکان بە ئەرکى لە پێشینەى خۆمان دەزانین و لە ماوەى رابردوودا هەموو هەوڵێکمان لەو بوارەدا خستووتەگەر، چونکە ئەوە مافێکى یاسایی و ئاسایی خۆیانە". 

دەشڵێت" لەم قۆناغەدا پێویستە هەموان پێکەوە هەماهەنگ و هاوکارى یەکتر بین، بۆ ئەوەى مافى هیچ یەکێک لە سێ یەکەمەکان نەفەوتێت، بۆیە دەبێت لە تۆمارکردنى ناوى چواریان و بەشەکانیان و تەواوى زانیارییەکان ورد بین و نابێت هیچ جۆرە کەمتەرخەمییەک لەم روەوە هەستى پێبکرێت". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، توانیویانە سێ یەکەمەکانى ساڵانى (٢٠١٥ - ٢٠١٦) و (٢٠١٦ - ٢٠١٧) دابمەزرێنن.



PM:07:34:27/05/2024