ژنێکی چالاکوانی مافی مرۆڤ لە ڕێگەی گەیشتن بە ئەوروپا لە سنووری ئیتاڵیا دەستگیرکرا و نزیکەی پێنج مانگە لە بەندیخانەی ئەو وڵاتە ڕاگیراوە، هەر بۆیە مانی لە خواردن گرتووە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردەوە" مەیسوون مەجیدی کە ماوەی ٤ مانگ و ٢٧ ڕۆژە لە بەندیخانەی کاسترۆویلاری وڵاتی ئیتاڵیا ڕاگیراوە، ئەمڕۆ دووشەممە، وەک ناڕەزایەتی دەربڕین بە ناڕوونی دۆسیەکەی، مانی لە خواردن گرتووە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، مەیسوون مەجیدی، پەنابەری کورد لە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لە سنووری ئیتاڵیا دەتگیرکرا و تا ئێستاش چارەنووسی نادیارە.
ڕێکخراوی هەنگاو دەشڵێت" مەیسوون پێشتر داوایکردووە، بەهۆی ئەوەی تا ئێستا ئەو تۆمەتەی خراوەتە پاڵی نەسەلمێندراوە و بەپێی یاسای ئیتاڵیا لە ئەگەری نەسەلماندنی تۆمەتەكە، بەندکراو دەتوانێ تا کۆتایی پڕۆسەی دادگاییکردن لە دەرەوەی بەندیخانە بێت، ناوبراو بنێردرێتە دەرەوەی بەندیخانە، هەروەها مەیسوون مەجیدی لە کۆتایییەکانی ساڵی ڕابردوو، بەهۆی هەڕەشەی بەردەوامی دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ناچار بوو هەرێمی کوردستان بەجێبهێڵت و ڕوو لە ئەورووپا بکات".