کۆمیسیۆن وادەیەکی نوێ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی هەرێم پێشنیاز دەکات

کۆمیسیۆنی عێراق ڕایدەگەیەنێت" پێشنیاز دەکەین ڕۆژی ٥ی ئەیلولی ئەمساڵ پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت". 

بەپێی نوسراوێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە واژۆی عومەر ئەحمەد سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی لەسەرە و ئاڕاستەی سەرۆکایەتی هەرێمی کردووە، تێێدا هاتووە" پێشنیاز دەکەین رۆژى ٥ی ئەیلولى ٢٠٢٤ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەبچێت، چونکە خشتەی کارەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان درێژناکرێتەوە". 

تا ئێستا سەرۆکایەتی هەرێم وەڵامی داواکەی کۆمسیۆنی عێراقی نەداتەوە و هیچ وادەیەکی نوێی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان بەشێوەیەکی فەرمی دیارینەکردووە.

هەرچەندە پێشتر ڕۆژی ١٠ی حوزەیرانی ئه‌مساڵ بۆ به‌ڕێوه‌چونی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان دیاریکرا، بەڵام ئەگەر ئەمجارەش پرۆسەی هەڵبژاردنی هەرێم دوابخرێت ئەمە دەبێتە چوارەم جار کە وادەی هەڵبژاردن دوادەخرێت و پرۆسەکە ئەنجام نادرێت. 

ڕۆژی ٢٢ی ئەم مانگەش ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە مەبەستی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی هەرێم، ته‌مه‌نی کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە درێژكردەوە.



PM:12:50:29/05/2024