وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراقی دایەوە و رایگەیاند" ئامادەین هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغدا بکەین".
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە و دەڵێت" سەبارەت بە نوسراوی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کۆبوونەوەی بەپەلە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، ئێمە وەکو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەوەدا بووین بەزووترین کات کێشەکە چارەسەر بکرێت و نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جیهانەوە بۆ دەرەوە هەناردە بکرێت".
دەشڵێت" بۆ ئەم مەبەستە چەندین جار سەردانی بەغدامان کردووە و لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لەگەڵ سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمان و هەروەها لەگەڵ لیژنەی حکوومەتی فیدراڵ لە هەرسێ وەزارەتی نەوت و پلاندانان و دارایی کۆبووینەوە و کۆنووسەکەشی واژوو کرا".
راشیگەیاندووە، دوایین جاریش لە ڕۆژانی ١٩ و ٢٠ی مانگی ئایار لێژنەکە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کۆبووەوە، ئێستا چاوەڕێین ئەنجامی کۆبوونەوەی لیژنەکە دەربچێت، هەروەها ئامادەین هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغدا بکەین بەمەبەستی چارەسەری ئەم بابەته.