لە دهۆک ژنێکی فەڵەستینی بە هۆکارێکی نادیار گیانی لەدەستدا

ژنێکی فەلەستینی کە لە یانەیەکی شەوانەی سنووری پارێزگای دهۆک کاری دەکرد، بە هۆکارێکی نادیار گیانی لەدەستدا. 

ئەمڕۆ هەینی ٣١ی ئایاری ٢٠٢٤ سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی پارێزگای دهۆک، ڕایگەیاند" ژنێکی فەڵەستینی کە لە یانەیەکی شەوانەی دهۆک کاری دەکرد، بە هۆکارێکی نادیار لە ناو شوقەکەی خۆیدا ئاگر لە جەستەی بەربوو و گیانی لەدەستدا". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ژنە ناوی (ع، ح، ب)ە و تەمەنی (٤١) ساڵە کچی باوکێکی فەلەستینی و دایکێکی عێراقییە و لە یانەیەکی شەوانە لە پارێزگای دۆهوک کار دەکات.

ئەوەشی خستەڕوو، ڕاستەوخۆ دوای ڕوودانی ڕووداوەکە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سوتاوی شاری دهۆک بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست کە تووشی سووتانێکی سەخت ببوو لە ٨٠٪ جەستەی سوتابوو، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لەدەستداوە.

سەرچاوەکە ئاماژە بەوەش دەکات، تەرمی ژنەکە لە ئێستادا بۆ بەڕێوەبەرایەتی پزیشکی دادی دهۆک گواستراوەتەوە بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پێویست و تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان، بەڵام تائێستاش هیچ کام لە کەسوکار و ئەندامانی خێزانەکەی نەهاتوون بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکە، یان بۆ زانینی وردەکاری ڕووداوەکە.



PM:01:34:31/05/2024