"پێویستە ئێران بەرپرسیارێتی خۆی لە پاراستنی گیان و ژیانی کۆڵبەران جێبه‌جێبكات"

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ڕایدەگەیەنت" حکومەتی ئێران لە دوو ساڵی ڕابردوودا توندوتیژی بەرامبەر کۆڵبەران زیادکردووە"، دەشڵێت" پێویستە ئێران بەرپرسیارێتی خۆی لە پاراستنی گیان و ژیانی کۆڵبەران جێبه‌جێبكات". 

کۆنگرەى نەتەوەی کوردستان (کەنەکە)، ئەمڕۆ هەینی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند" لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا هێرش و پەلاماری هێزەکانی ئێران بۆسەر کۆڵبەرانی کورد لەسەر سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان زیادیکردووە و چەندین کوژراو و برینداری لێكەوتووەتەوە، کۆڵبەری ئەو پیشە مەترسیدار و تاقەتپڕۆکێنەیە کە بە هەزاران کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە ناچاری و بەهۆی نەبوونی هەلی کار و کەمتەرخەمی کاربەدستانی ڕژێمەوە ڕووی تێدەکەن و ساڵانە بە سەدان کۆڵبەر لەپێناو دابینکردنی بژێوی ژیانیان لە لایەن هێزەکانی ڕژێمەوە دەبنە قوربانی". 

کەنەکە دەشڵێت" سیاسەتی داگیرکەرانەی دەوڵەتی ئێران هەوڵ دەدات لە لایەکەوە کۆمەڵگای کوردستان پەراوێز بخات و برسی بهێڵێتەوە و لەلایەکی دیکەشەوە لە چوارچێوەی سیاسەتی قڕکردنی خۆیدا بەشێوەی سیستماتیک و بەردەوام ڕاستەخۆ ئەو کۆڵبەرانە دەکاتە ئامانج کە لەپێناو دابینکردنی بژێوی خۆیان و بنەماڵەکەیاندا ناچارن ڕووبکەنە ئەو کارە پڕمەترسییە". 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی کەنەکە هاتووە" هیچ کەس و لایەنێک لەسەر ئەم کارە دڕندانە و دژە مرۆڤانەی هێزەکانی ئێران ڕووبەڕووی لێپێچینەوە و دادگاییکردن نەکراوەتەوە، لە کاتێکدا بەگوێرەی یاساکانی ڕژێم تەقەی ڕاستەوخۆ و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە کاسبکار و ئەو کۆڵبەرە بێ چەکانە کە هیچ مەترسییەکیان بۆسەر ئەو هێزانە نییە و تەنیا دەیانەوێت بژیوی ژیانیان دابین بکەن نایاساییە، بەڵام هێزەکانی ڕژێم وەک ئەوەی چووبێتنە ڕاو و بە ئەنقەست و ڕاستەوخۆ گولەبارانیان دەکەن". 

دەشڵێت" بە پێچەوانەی ئەو بەڵێنە زۆرانەی کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆڵبەران دابووی، حکومەتی ئێران لە دوو ساڵی ڕابردوودا توندوتیژیی بەرامبەر کۆڵبەران لە ڕادەبەدەر زیاد کردووە". 

لە کۆتاییشدا کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان ڕایگەیاندووە" ئەو هێرشانەی ڕژێم ئیدانە و شەرمەزار دەکەین و داوا لە حكومەتی ئێران دەكەین ئەرك و بەرپرسیارێتی خۆی لە پاراستنی گیان و ژیانی خەڵکی بەجێ بهێنێت". 

بەپێی ئامارێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، لانیکەم ٤٨ کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە و لانیکەم ٤٢٧ کۆڵبەریش برینداربوون کە زۆرینەیان قوربانی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژێمن و تەنیا لە ماوەی ٧٠ ڕۆژدا ١٧ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون.



PM:05:23:31/05/2024